هەسەدە هێرشێکی هێزەکانی سووریای لە دێرەزوور تێکشکاند

هێزەکانی سووریای دیموکرات 'هەسەدە' ڕایگەیاند، هێرشێکی هێزەکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشقیان لە گوندەواری ڕۆژئاوای دێرەزوور بەرپەرچداوەتەوە و هاوکات لە شاری ڕەققەش بۆ ماوەیەکی کاتیی قەدەغەی هاتووچۆ ڕاگەیەندراوە.

ناوەندیی ڕاگەیاندنی هەسەدە بڵاویکردەوە، هێزەکانی ڕووبەڕووی هێرشێک بوونەتەوە کە بنکەیەکی سەربازیی ئەنجوومەنی سەربازیی کەسرەیان لە شارۆچکەی جونەینا کردبووە ئامانج. بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، هێرشبەران چەکی دۆشکەی جۆری 'بی کەی سی' و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بەکارهێناوە.

هەسەدە ئاماژەی بەوەشکردووە، "هێزەکانی وەڵامی ئەو سەربازانەیان داوەتەوە و زیانی گیانییان بە هێرشبەران گەیاندووە." هەروەها، لە پێکدادانەکاندا پێنج ئەندامی هێزەکانی سووریای دیموکرات برینداربوون."

هێزەکانی سووریای دیموکرات، حکوومەتی دیمەشقی بە "بەرپرسیاری ڕاستەوخۆی" ئەم هێرشانە تۆمەتبار کرد و هێرشەکەی بە هاوکات لەگەڵ زیادبوونی هێرشەکانی ڕێکخراوی داعش لە ناوچەکەدا زانی. هەسەدە داوای لە حکوومەتی سووریا کردووە،  "کۆنترۆڵی سوپاکەی بکات و دەستبەجێ هێرشەکان ڕابگرێت."

قەدەغەی هاتووچۆ لە ڕەققە

لەلایەکی دیکەوە، ڕایگەیاند، وەزارەتی ناوخۆی ئیدارەی خۆسەر قەدەغەی هاتووچۆی بەشێکی لە شاری ڕەققە لە کاتژمێر 12ـی نیوەشەو تا 5ـی بەرەبەیان ڕاگەیاندووە. ئەم بڕیارە هاوکاتە لەگەڵ بڵاوەپێکردنی بەرفراوانی هێزە ئەمنییەکان لە چەند گەڕەکێکی شارەکەدا.

سەرچاوە خۆجێییەکان لە سووریا باسیان لەوە کردووە، هێزەکانی سووریای دیموکرات دەیان ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و چەکداریان لە دەوروبەری یاریگای 'ڕەش' لە ناوەڕاستی ڕەققە جێگیر کردووە.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە، گرژییەکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزەکانی لایەنگری حکوومەتی سووریا لەم دواییانەدا لە ناوچەکانی دێرەزوور پەرەی سەندووە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment