لە ئەنجامی هێرشێکی ئیسرائیل دا چوار ڕۆژنامەنووس کوژران

لە ئەنجامی بۆردوومانێکی ئیسرائیل بۆ سەر نەخۆشخانەی ناسر لە خان یونس لە باشووری غەززە، 15 کەس کوژران، کە لە نێویاندا چوار ڕۆژنامەوان و چەند ئەندامێکی تیمی فریاگوزاریی تێدابوو.
ئەمڕۆ دووشەممە، 25ـی ئابی 2025، بەها توباسی، پەیامنێری کوردستان24 لە غەززە، ڕایگەیاند، لە ئەنجامی بۆردوومانێکی ئیسرائیل بۆ سەر کۆمەڵگەی پزیشکی ناسر لە خان یونس، 15 کەس کوژران. هەروەها ئۆتۆمبێلێکی تیمی ڕۆژنامەنووسانیش کرایە ئامانج.
پەیامنێری کوردستان24 زانیاریی دەربارەی ڕۆژنامەوانە کوژراوەکان خستە ڕوو و گوتی: حوسام میسری کامێرامانی رۆیتەرز، محەممەد سەلامە کامێرامانی جەزیرە، مەریەم ئەبو دەقە کە لەگەڵ ئاژانسی ئیندیپێندنت و عەرەبیە و ئاسۆشیەتدپرێس کاری دەکرد، لەگەڵ مەعاز ئەبو تەها ڕۆژنامەوانی تۆڕی 'ئێن بی سی' ئەمەریکی کەوتنە بەرهێرشی ئاسمانی ئیسرائیل و کوژران.
کەناڵی جەزیرە لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە، 25ـی ئابی 2025، محەممەد سەلامە، وێنەگری کەناڵەکەمان لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر کۆمەڵگەی پزیشکی ناسر لە خان یونس کوژرا، ئەمەش لەکاتێکدایە دوو هەفتە لەمەوبەر چوار ڕۆژنامەنووسی کەناڵەکە لە کەرتی غەززە کوژران.
سوپای ئیسرائیل لە وەڵامی ئاژانسی فرانس پرێس دەربارەی بۆردومانی کۆمەڵگەی پزیشکی ناسر، گوتی: لێکۆڵینەوە لەو بابەتە دەکەین.
لە دەستپێکی شەڕی نێوان ئیسرائیل و غەززە لە دوای 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، تا وەکوو ئێستا 242 ڕۆژنامەوان کوژراون.