ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان تاوتوێ دەکات

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، مووچەی فەرمانبەران و هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان تاوتوێ دەکات.
بە گوێرەی زانیارییەکانی دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، سبەی سێشەممە، 26ـی ئابی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی دەکات و یەکێک لە بڕگەکانی کارنامەکەی، مووچەی مانگی حوزەیران (شەش)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و هەناردەکردنەوەی نەوت دەبێت.
کۆبوونەوەی سبەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کاتێکدایە، ماوەی هەفتەیەکە شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی ڕێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی عێراق، لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت و خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران، لە بەغدایە و ژمارەیەک کۆبوونەوەیان کردووە؛ بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن.
کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە دۆسیەی نەوت و داهاتە نانەوتییەکانەوە. بەغدا ناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی بە پابەندبوونی هەرێمەوە بە ڕادەستکردنی داهاتەکان گرێداوە.
بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی خەرجکردنی مووچە
سێشەممە، 19ـی ئابی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و دواتر لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، ئەنجوومەنەکە بڕیاری داوە بە شێوەیەکی بنەڕەتی رەزامەندی لەسەر نوێکردنەوەی کارکردن بە بڕیاری ژمارە (550)ی ساڵی 2025 بدات، بۆ دابینکردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی حوزەیران، دوای رەچاوکردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە:
1. ئەو لیژنانەی بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ڕادەستکردنی داهاتی نانەوتی و هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان پێکهێنراون، کارەکانیان تەواو بکەن، بە مەرجێک هەریەکەیان کۆنووسێکی واژۆکراو لە ماوەی هەفتەیەکدا، پێشکێشی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بکەن.
2. ئەو تیمەی بەپێی بڕگەی دووەم پێکهێنراوە، لە ماوەی هەفتەیەکدا کارەکانی تەواو بکات، بە ژماردنی پشکی گەنجینەی گشتیی فیدراڵی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی یاسا. هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو پشکە بدات لەبری ئەو بڕە پارەیەی کە لە بڕگەی (دووەم/1)ـی بڕیارەکەدا ئاماژەی پێکراوە، بە مەرجێک میکانیزمی ژماردنەکە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵییەوە پەسند کرابێت.
3. حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆمپانیاکانی نەوت کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، پابەند بکات بە رادەستکردنی ئەو نەوتەی بەرهەم دێت، بەگوێرەی بڕگەکانی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی و بڕیاری ژمارە (550)ـی ساڵی 2025ـی ئەنجوومەنی وەزیران.