بەشێک لە شیعەکان لە دەنگدان بە پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی پاشگەزبوونەتەوە

فشارە بەردەوامەکانی ئەمەریکا وای کردووە لایەنە شیعەکان لە عێراق لە تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای پەیکەربەندی حەشدی شەعبی پاشگەزببنەوە. لە دوایین کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکاندا، بڕیار دراوە پرۆژەکە لە پەرلەمان بکشێنرێتەوە.

هۆکاری ئەم بڕیارە دەگەڕێتەوە بۆ هەڕەشە جددییەکانی ئەمەریکا، کە ئاماژەیان بەوە کردووە ئەگەر پرۆژەکە تێپەڕێندرێت، گرووپە چەکدارەکانی عێراق دەکەنە ئامانج و سزای قورس بەسەر دامەزراوە فەرمییەکانی عێراقدا دەسەپێنن.

محەممەد شەمەری، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق بۆ کوردستان24ی، پشتڕاست کردەوە کە هەندێک فراکسیۆن کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی هەڕەشەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا و داوای کشانەوەی پرۆژەکەیان کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا، لیژنەکەیان هەموو ئامادەکارییەکانی تەواو کردووە و پرۆژەکە ئامادەیە بۆ دەنگدان.

هەروەها حوسێن عامری، ئەندامی فراکسیۆنی سادیقون لەو بارەوە دەڵێت: پێشبینی هیچ سزایەک بۆ سەر عێراق ناکەن، بەڵام دانی بە بوونی فشاری ناوخۆیی و دەرەکیدا نا لەسەر پرۆژەکە. جەختیشی کردەوە کە فراکسیۆنی سادقون و چەند فراکسیۆنێکی دیکە سوورن لەسەر تێپەڕاندنی پرۆژەکە.

پرۆژەیاساکە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە و تەنیا دەنگدانی لەسەر مابوو، بەڵام بەهۆی فشاری نێودەوڵەتییەوە، جگە لە گرووپەکانی "بەرەی موقاوەمە"، زۆربەی فراکسیۆنە شیعەکانی دیکە ئامادەنین بەشداری لە دانیشتنێکدا بکەن کە پرۆژەکەی تێدا بخرێتە دەنگدانەوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment