ڕێباز حەملان: دوای نووسراوی خەرجکردنی مووچە، داهاتی ناوخۆ ڕادەستی بەغدا دەکەین

یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دووپاتی کردەوە، هەر کاتێک عێراق لە بارەی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت دڵنیایی دایە کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم، ڕاستەوخۆ دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت دەکرێت.
سێشەممە 26ـی ئابی 2025، ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانی بەشداریی لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، گوتی: هەر کاتێک ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بە نووسراو وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێم ڕاسپارد، ڕاستەوخۆ داهاتی ناوخۆی هەرێم ڕادەستی بەغدا دەکرێت.
ڕێباز حەملان لە بارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، هەرکاتێک عێراق سەبارەت بە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت دڵنیایی دایە کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم، ڕاستەوخۆ دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت دەکرێت.
دەشڵێت: بودجەی هەرێمی کوردستان تەنیا مووچە نییە و عێراق تاوەکوو ئێستا هیچ بودجەیەکی بۆ هەرێم نەناردووە. جەختی لەوەش کردەوە، ڕازی نابن حکوومەتی فیدراڵ وەک پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات.
ئەمڕۆ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق كۆبوونه‌وه‌ی ژماره 34ـی ئاسایی خۆی به سه‌رپه‌رشتیی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی گرێ دا و له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاری دا وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ مووچه‌ی مانگی شه‌شی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان خه‌رج بكات، هاوكات هه‌رێمی كوردستان بڕی 120 ملیار دینار له داهاتی نانه‌وتی به‌پێی بڕیاری ژماره 636ـی ساڵی 2025ـی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق به به‌غدا بدات.