کۆمیسیۆنی ئاشتی لەگەڵ سەرۆکانی پێشووی پەرلەمانی تورکیا کۆدەبێتەوە

کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ 11 سەرۆکی پێشووتری پەرلەمان کۆدەبێتەوە و پرۆسەی نوێی ئاشتی تاوتوێ دەکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 27ـی ئابی 2025، کۆمیسیۆنی "هاودەنگیی نیشتمانیی، برایەتی و دیموکراسی"ـی پەرلەمانی تورکیا، شەشەمین کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دەدات و گوێ لە هەڵسەنگاندنەکانی 11 سەرۆکی پێشووتری پەرلەمان بۆ پرۆسەی ئاشتی دەگرێت.
بڕیارە سبەی پێنجشەممەش، 28ـی ئابی 2025، لە حەوتەمین کۆبوونەوەیدا، کۆمیسیۆنەکە میوانداریی نوێنەرانی یەکێتیی سەندیکاکانی پارێزەرانی تورکیا بکات. لەم کۆبوونەوەیەدا، یاساناسان ئەو هەموارە یاساییانە تاوتوێ دەکەن کە پێویستە بۆ پرۆسەی ئاشتی ئەنجام بدرێن.
لە پێنجەمین کۆبوونەوەیدا، کۆمیسیۆنەکە میوانداریی لە دایکانی ئامەد (دیاربەکر)، دایکانی ئاشتی، دایکانی شەممە و هەروەها ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کردبوو.
ئەمە لە کاتێکدایە، دەم پارتی ڕایگەیاندووە، دۆخی پرۆسەی ئاشتی "نالەبارە" و جەختیان لەوە کردووەتەوە، دیدارەکانیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کەمیان کردووە؛ هاوکات داوا دەکەن کۆمیسیۆنی پەرلەمان لەگەڵ ئۆجەلان کۆببێتەوە.
چاوەڕێ دەکرێت سبەی پێنجشەممە، 28ـی ئابی 2025، شاندێکی دەم پارتی کە پێکهاتووە لە پەروین بوڵدان، میتحات سانجار و پارێزەرێک، سەردانی ئیمرالی بکەن بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئۆجەلان.