فەرەنسا نەخۆشخانەکانی بۆ شەڕ و قەیرانەکان ئامادە دەکات

فەڕەنسا ئامادەکاری بۆ پێشوازیکردن لە هەزاران سەربازی بریندار دەکات لە ئەگەری ڕوودانی جەنگێکی گەورە لە ئەورووپا

کاترین فۆتر، وەزیری تەندروستیی فەرەنسا، فەرمانی دەرکرد، نەخۆشخانەکانی وڵاتەکە دەبێت ئامادە بن بۆ پێشوازیکردن لە هەزاران سەربازی بریندار، لە ئەگەری ڕوودانی ململانێیەکی چەکداری بەرفراوان لە ئەورووپا.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی "لۆ کەنار ئۆنشینیێ"ی فەرەنسی، کە دەستی بە چەند بەڵگەنامەیەکی ناوخۆیی گەیشتووە، داوا لە ئاژانسە تەندروستییەکانی هەرێمەکان کراوە، پێشکەشکارانی چاودێریی تەندروستیی بۆ "دەستێوەردانێکی سەربازی" ئەگەری ئامادە بکەن.

ماڵپەڕەکە بە تایبەتی ئاماژەی بە ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستیی کردووە، کە لە 18ی تەممووز ئاڕاستەی بەڕێوەبەرانی ئاژانسە تەندروستییەکانی هەرێمەکان کراوە و داوایان لێکراوە کە تا مانگی ئاداری 2026 ئامادە بن بۆ "جەنگێکی فراوان".

بە فەرمانی گشتیی بەرگریی و ئاسایشی نیشتمانی سەر بە سەرۆک وەزیران، وەزارەتی کاترین فۆتران، پلانی هەیە ناوەندیی پزیشکی دابمەزرێنێت بۆ پێشوازیکردن لە نەخۆشانی شەڕ، لە ناوچەکانی شەڕ.

ئەوەش ڕوونکراوەتەوە، ئەم ناوەندانە دەبێت لە نزیک وێستگەی پاس یان شەمەندەفەر یان بەندەر یان فڕۆکەخانە بن بۆ ئاسانکردنی گەڕاندنەوەی سەربازە بیانییەکان بۆ وڵاتەکانیان.

هەروەها بەپێی هەمان سەرچاوە، نزیکەی 100 سەرباز ڕۆژانە بۆ ماوەی دوو مانگی لەسەریەک دەتوانن چارەسەر وەربگرن، یان تەنانەت 250 نەخۆش ڕۆژانە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە کاتی شەڕ.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەدا، "سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن، داوای کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ئۆکرانیا دەکات، بەڵام ئایا ئەو بەڕاستی بڕوای بەوە هەیە؟، لە هەر حاڵەتێکدا، حکوومەتەکەی خۆی بۆ ململانێیەکی گشتگیر ئامادە دەکات وەک ئامادەکارییەک بۆ هەر بارودۆخێکی لەناکاودا".

 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment