ئێران.. حکوومەت هاوکاریی هەژارانە دەداتە دەوڵەمەندەکان

بەپێی بەدواداچوونەکان، نزیکەی 900 هەزار کەس لەو ئێرانیانەی کە لە دەرەوەی وڵات دەژین، هێشتا یارمەتیی دارایی (یارانە) لە حکوومەت وەردەگرن.
ئەحمەد میدەری، وەزیری خۆشگوزەرانی و کار و هاوکاری کۆمەڵایەتی، بە ئاژانسی هەواڵی تەسنیم ی ڕایگەیاندووە "لەم کابینەیەی حکوومەتدا یارمەتیی دارایی 750 هەزار کەس بڕدراوە. لەمانە، 150 هەزار کەسیان دانیشتووی دەرەوەی وڵات بوون و ئەوانی دیکەش بەپێی پێوەرە ئابوورییەکان، لەو چینەی کۆمەڵگە بوون کە داهاتێکی باش و بەرزیان هەبووە."
میدەری، گوتی: لە مانگی ئابی 2025دا، حکوومەت هەنگاوێکی گرنگی نا بۆ بڕینی یارانەی خێزانە دەوڵەمەندەکان. ژمارەی ئەوانەی لە مانگی تەممووزی ڕابردوودا یارانەیان وەردەگرت 49 ملیۆن و 642 هەزار و 665 کەس بوون و لە مانگی ئابدا بۆ 46 ملیۆن و 576 هەزار و 331 کەس کەمیان کرد، واتە زیاتر لە 3 ملیۆن کەس لە لیستی یارمەتییەکان دەرکران. سەرەڕای ئەوە، نزیکەی 15 ملیۆن کەسی دیکە لە کۆی گشتیی 18 ملیۆن کەس کە بەپێی یاسای بودجە دەبوو یارانەکەیان ببڕدرێت، هێشتا لە وەرگرتنی یارانە بەردەوامن.
وەزیری خۆشگوزەرانی و کار و هاوکاری کۆمەڵایەتی، گوتی: لە ڕاستیدا، کۆمەڵێک کەس، وەک ئەو کەسانەی کە ساڵانێکە کۆچیان کردووە بۆ دەرەوەی وڵات، هێشتا لە لیستی یارمەتییەکانی وڵاتدان. ئەم گرووپە، بەهۆی نەبوونی مامەڵەی دارایی لەسەر هەژماری بانکییان لە چەند ساڵی ڕابردوودا، یان خراپ سوودوەرگرتن لە پێگە و پەیوەندییەکانیان، لە لیستی چینە داهات نزمەکاندا جێگیرکراون.
میدەری، ئاماژەی بەوەش کرد "بەدواداچوونەکانی ئەم دواییە نیشان دەدەن نزیکەی یەک ملیۆن ئێرانی کە خاوەن داهاتی بەرزن و دانیشتووی دەرەوەی وڵاتن، کەچی هێشتا لە وەرگرتنی یارانە سوودمەندن، تا ئێستا تەنیا یارانەی 150 هەزار کەسیان بڕدراوە و نزیکەی 900 هەزار کەسی دیکەیان تا ئێستاش یارانەکە وەردەگرن."
وەزیری خۆشگوزەرانی و کار و هاوکاری کۆمەڵایەتی، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: کۆی بڕی ئەو پارەیەی وەک یارانە دراوەتە ئەو ئێرانیانەی لە دەرەوەی وڵات دەژین، ساڵانە دەکاتە 3.7 تریلیۆن تومەن. دەبێ ئاماژە بەوەش بکەم، کە هێشتا داتایەکی ڕوون و بڕواپێکراومان دەربارەی ژمارەی ئەو هاووڵاتییە ئێرانییانەی لە دەرەوەی وڵات دەژین و یارانە وەردەگرن، نییە. کە بێگومان ژمارەیان زیاتر لە 3 ملیۆن کەسە.