ئۆنروا: لەشکرکێشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە 'سونامی مرۆییە'

عەدنان ئەبو حەسنە، گوتەبێژی دەزگای فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەڵەستین 'ئۆنروا' لە غەززە، لەشکرکێشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بە "سونامی مرۆیی" وەسف کرد.
ئەبو حەسنە ڕاگەیاندووە، "لە ئەگەری هەر داگیرکارییەکی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە ڕووبەڕووی سونامییەکی مرۆیی دەبینەوە"، ئاماژەی بەوەشکرد، "هیچ شوێنێک نییە بۆ ئەوەی خەڵکی غەززە هەڵبێن بۆی و هۆشداریش دەدەین لە کارەساتێک".
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئۆنروا تاکە دەزگایە توانای دابینکردنی پێداویستییەکانی خەڵکی کەرتی غەززەی هەیە".
جەختیشی کردەوە "برسێتی بەسەر زۆربەی ناوچەکانی کەرتی غەززەدا بڵاوبووەتەوە و زۆرترینیان لە شاری غەززەیە"، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئیسرائیل لە پێداگریدایە سەبارەت بە برسێتی و قوربانیانی مەدەنی".
ئەبو حەسنە باسی لەوە کرد "هەندێک هاوکاریی خۆراک دوای چاوەڕوانییەکی زۆر لە دەروازەکان تێکچووە"، ئەوەشی خستە ڕوو، "ئێمە ئەوەندە هاوکاریمان هەیە، دەتوانین بۆ ماوەی سێ مانگ بەردەوام بین و بیدەین بە خەڵکی کەرتەکە."
سوپای ئیسرائیل ئامادەکاری دەکات بۆ دەستبەسەرداگرتنی شاری غەززە کە گەورەترین ناوەندیی شارەکانی کەرتی غەززەیە، سەرەڕای داوای نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی ئیسرائیل پێداچوونەوەی پێدا بکاتەوە بەهۆی نیگەرانییەکان لەوەی ئۆپەراسیۆنەکە دەبێتە هۆی زیانی گیانی زۆر.
بەرپرسانی ئیسرائیل شاری غەززە بە دوا قەڵای حەماس وەسف دەکەن.
لای خۆیەوە نەتەوە یەکگرتووەکان مەزەندە دەکات، زۆرینەی ڕەهای دانیشتوانی کەرتی غەززە کە زیاتر لە دوو ملیۆن کەسن، لانیکەم جارێک لە ماوەی شەڕی نزیکەی دوو ساڵەدا ناچار بوون هەڵبێن، بۆ ئەوەی لە بۆردومان و مردن ڕزگاریان بێت.
لەلایەکی دیکەوە دەسەڵاتدارانی تەندروستیی غەززە دەڵێن: زیاتر لە 62 هەزار فەڵەستینی کە زۆربەیان ژن و منداڵن، بە دەستی سوپای ئیسرائیل کوژراون.