تۆم باراک: هێڵ و سنوورەکانی ڕێککەوتننامەی سایکس پیکۆ، لەلای ئیسرائیل هیچ مانایەکی نییە

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دووبارە جەختی لەسەر پێویستی بوونی ناوچەیەکی داماڵراوی سەربازی لە باشووری سووریا، لەنێویاندا سوەیدا، کردەوە. ئەمەش وەک دووپاتکردنەوەیەکی بەردەوامی خواستەکانی ئیسرائیل بۆ گۆڕینی دیمەنی جیۆسیاسی ناوچەکە و دووبارە کێشانەوەی سنوورەکان دێتە ئەژمار.
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سووریا لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند، "بە بۆچوونی ئیسرائیل، ئەم هێڵ و سنوورانەی لە ڕێککەوتنی سایکس-پیکۆ کێشراون، بێمانانن." هەروەها ئاماژەی بەوەدا، "ئەوان بۆ هەر شوێنێک بیانەوێت دەچن و هەرچییەک بیانەوێت دەیکەن بۆ پاراستنی ئیسرائیلییەکان".
نێردەی ئەمەریکا جەختی کردەوە، هێرشەکەی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەر، "بیرکردنەوەی ئیسرائیل" و تێڕوانینی ئیسرائیلی بۆ سنوورەکان گۆڕیوە.
لەم چوارچێوەیەدا، لێدوانەکانی تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سووریا، سەبارەت بە بیرکردنەوەی ئیسرائیل دوای 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، و تێڕوانینی ئەوان بۆ سنوورەکانی ڕێککەوتنی سایکس-پیکۆ لە لوبنان و سووریا، پرسیاری زۆری لەلایەن چاودێران و شرۆڤەکارانەوە دروست کرد.
پێشتریش چەند بەرپرسێکی ئیسرائیلی پشتڕاستیان کردبووەوە، هێزەکانیان بەنیازی کشانەوە نین لە پێنج خاڵ یان پێنج گردەکەی باشووری لوبنان. ئەمەش دوای ئەوە دێت، ئیسرائیل ژمارەیەکی زۆر لە ناوچەکانی سنووری لوبنانی وێران کردووە و جۆرێک لە "ناوچەی پارێزراو"ی دروست کردووە. یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لە مانگی نیسانی ڕابردووەوە جەختی لەوە کردووەتەوە، هێزەکانی لە پێنج گردەکە ناکشێنەوە. بەپێی ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس، کاتز ئاماژەی بەوەشکردووە، سوپای ئیسرائیل لە ناوچە بەناو ئەمنییەکان لە غەززە، سووریا و لوبنان دەمێنێتەوە "لە هەر دۆخێکی کاتی یان هەمیشەیی"دا.
نەخشەی باشووری لوبنان دابەشبوونی پێگەکانی ئیسرائیل نیشان دەدات، کە ناوچەیەکی پاراستن و نیوەی "ئەڵقەی پارێزەر" بۆ باکووری ئیسرائیل پێکدەهێنێت.
لە مانگی کانوونی دووەمی 2024وە، هێزەکانی ئیسرائیل چەند ناوچەیەکی باشووری سووریایان خستووەتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان. دوێنێ چەند سەرچاوەیەک بڵاویانکردەوە، ئیسرائیل لە ڕۆژئاوای عەین زیوان لە گوندەواری قونەیترە هێرشێکی نوێی کردووە.
لە غەززەش، هێزەکانی ئیسرائیل ئێستا زیاتر لە 75%ی کەرتی غەززەیان کۆنترۆڵ کردووە و بەردەوامن لە گەمارۆدان و داگیرکردنی شاری غەززە.
ئیسرائیل پێشتر ڕایگەیاندبوو، داگیرکردنی خاکەکان لە کاتی زنجیرە شەڕەکانیدا کە لە ساڵی 1948 لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا ئەنجامی داوە، "حاڵەتێکی تایبەتە". بۆ دەیان ساڵە حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئیسرائیل جەختیان لەوە کردووەتەوە کە دەبێت ئەم خاکانە بۆ "بەرگریی لە خۆ" بمێننەوە، بە ئامانجی وەرگرتنەوەیان وەک بەشێک لە ڕێککەوتنەکانی ئاشتی، وەک ئەوەی لە نیمچە دوورگەی سینا لە سەردەمی ڕێککەوتنەکانی کامپ دەیڤددا ڕوویدا.