دەنگۆی ئازادکردنی لاهور شێخ جەنگی بە مەرجی جێهێشتنی کوردستان، ڕەت دەکرێتەوە

سەرچاوەیەک بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد، دۆخی تەندروستیی لاهور شێخ جەنگی زۆر باشە و ڕێگەی پێدراوە بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ خێزان و کەسوکارەکەی کردووە.
شەممە 30ـی ئابی 2025، سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی لاهوری شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل ورەی بەرز بووە و دۆخی تەندروستیی زۆر باشە.
دەشڵێت: لە زیندان، ڕێگە بە لاهور شێخ جەنگی دراوە بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ خێزان و کەسوکارەکەی بکات.
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی گوایە لاهور شێخ جەنگی بە مەرجی جێهێشتنی هەرێمی کوردستان ئازاد دەکرێت، ئەو سەرچاوەیە گوتی: ئەو دەنگۆیانە ڕاست نین.
درەنگانی شەوی پێنجشەممە 21ـی ئابی 2025، هێزێکی زۆری یەکێتی کە پێکهاتبوون لە (کۆماندۆ، ئاسایش و دژەتیرۆر) بەرەو لالەزار شوێنی نیشتەجێبوونی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل جوڵەی پێ کرا و چواردەوری شوێنەکەیان گەمارۆ دا.
بەرەبەیانی هەینی 22ـی ئابی 2025، شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی یەکێتی و هێزی دووپشکی سەر بە لاهور شێخ جەنگی ڕوویدا، دوای ڕووبەڕووبوونەوەیەکی توندی چەکداری کە بۆماوەی چەند کاتژمێرێک بەردەوام بوو، لە ئەنجامدا سێ ئەندامی هێزەکانی یەکێتی کوژراون و 19ـی دیکەش بریندار بوون، هەروەها لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی براشی دەستگیر کران.