شاندێکی مامۆستایانی کوردستان بۆ زیادکردنی دەرماڵەی مامۆستایان و فەرمانبەران لەبەغدان

بۆ هاوتاکردنی مووچە و دەرماڵەی مامۆستایانی کوردستان بە مامۆستا و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، شاندێکی مامۆستایانی کوردستان گەیشتوونەتە بەغدا.
دوای هەموواری یاسای وەزارەتی پەروەردە لە پەرلەمان، یاساکە گەیشتووەتە حکوومەتی عێراق، ئەمڕۆ شاندێکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان سەردانی بەغدای کردووە و بڕیارە لەگەڵ یەکێتی مامۆستایانی عێراق کۆببنەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆی ئەو ڕێکارانە بکەن کە لەماوەی داهاتوودا دەرماڵەی مامۆستایان زیاد دەکات.
مامۆستا هەینی قادر، ئەندامی لقی هەولێری یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بۆ کوردستان24 گوتی: ئەو پرۆژە یاسایەی هەفتەی ڕابردوو لە پەرلەمانی عێراق پەسەند کرا، لە بەرژەوەندی تەواوی مامۆستایانی عێراقە، ئێمەش هەوڵی ئەوە دەدەین پرۆژە یاساکە هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە، دەشڵێت: ئامانج لە هەمووارکردنەوەی پرۆژە یاساکە ئەوەیە، ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە باشتر بکرێت، ژیان و گوزەرانی مامۆستایانی هەرێمی کوردستانیش وەکو مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردەی عێراق باش بکرێت.
دەشڵێت: لە پرۆژە یاساکەدا بەڕوونی ناوی هەرێمی کوردستان نەهاتووە، یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لەگەڵ یەکێتی مامۆستایانی عێراق بۆ هاوتاکردنی دەرماڵەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە لەسەر هێلە، ئێستا شاندێکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لە بەغدایە بۆ تاوتوێکردنی ئەو پرسە، بۆ ئەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بێبەش نەکرێن لە هەموواری ئەو پرۆژە یاسایە و زیادکردنی دەرماڵەیان.
مامۆستا هەینی قادر، ئەندامی لقی هەولێری یەکێتی مامۆستایانی کوردستان گوتی: ئەو بڕە دەرماڵەیەی بەپێی هەموواری پرۆژە یاساکە بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردەی عێراق زیاد دەبێت، 150 هەزار دینارە، پێشتریش 150 هەزار دینار دەرماڵەیان بۆ تەرخان کرابوو، بەمەش دەرماڵەی پیشەییان دەبێتە 300 هەزار دینار، دەڵێت: ئەو پرۆژە یاسایە مامۆستایانی ئاینیش دەگرێتەوە کە پیشەیان وانە گوتنەوەیە، ئەمەش یارمەیدەرێکی زۆر باشە بۆ دۆخی مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە، بۆیە داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین، مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە بێبەش نەکات لەو بڕە دەرماڵەیە.