ئێران و ئیسرائیل لە پێشبڕکێی جەنگی سیخوڕی و تەکنۆلۆجیدا
ئێران بەردەوامە لە هەوڵی دۆزینەوەی ئەو کارمەندە هاوکارانەی ئیسرائیل کە دەترسێت لەناو وڵاتەکە و حکوومەتدا مابنەوە

ئیسرائیل لە ماوەی جەنگی 12 ڕۆژەدا، توانا تەکنۆلۆجی و هەواڵگرییەکانی خۆی بۆ شوێنپێ هەڵگرتن و کوشتنی کەسایەتییە کاریگەرە سەرەکییەکانی ئێران، بەکار هێنا و توانیشی تا ڕادەیەکی زۆر ئامانجەکانی بپێکێت.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، لە ژمارەی ڕۆژی شەممە، 30ـی ئابی 2025، لە ڕاپۆرتێکدا دەربارەی جەنگی سیخوڕیی و تەکنۆلۆجیی ئێران و ئیسرائیل، نووسیویەتی: 16ی حوزەیرانی 2025، لە چوارەمین ڕۆژی جەنگی ئێران و ئیسرائیل، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە ژێر زەمینێکدا لە ڕۆژئاوای تاران، کۆبووەوە.
بەرپرسان، کە سەرۆک کۆمار مەسعود پزیشکیان، سەرۆکەکانی دەسەڵاتی دادوەری و وەزارەتی هەواڵگری و فەرماندە باڵا سەربازییەکانیان لەخۆ گرتبوو، بە ئۆتۆمبیلی جیاواز گەیشتنە ژێر زەمینەکە. هیچ کامیان مۆبایلیان پێ نەبوو، چونکە دەیانزانی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل دەتوانێت بیاندۆزێتەوە.
سەرەڕای هەموو ڕێوشوێنە ئەمنییە توندەکان، پاش ماوەیەکی کەم لە دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ژێر زەمینەکەیان بۆمباران کرد. ئەوەی مایەی سەرسوڕمان بوو هیچ کەسێک لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە نەکوژران. کاتێک دواتر، سەرکردەکان لە ژێرزەمینەکە هاتنە دەرەوە، تەرمی چەند پاسەوانێکیان دۆزییەوە، کە بەهۆی تەقینەوەکانەوە کوژرابوون.
ئەم هێرشە، دەزگای هەواڵگری ئێرانی خستە پشێوییەکی گەورەوە و زۆری نەبرد بەرپرسانی ئێران گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە کێشەیەکی ئەمنیی گەورە ڕووی داوە "ئیسرائیلییەکان، بە هاککردنی تەلەفۆنی پاسەوانەکان کە یاوەریی سەرکردە ئێرانییەکانیان کردبوو بۆ شوێنەکە و لە دەرەوە چاوەڕێیان دەکرد، جێگە و کاتی کۆبوونەوەکەیان دەستنیشان کردبوو."
بەگوێرەی قسەی بەرپرسانی ئێران و ئیسرائیل، بەکارهێنانی بێباکانەی مۆبایلی پاسەوانە ئێرانییەکان بەدرێژایی چەند ساڵێک – لەوانەش بڵاوکردنەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان – ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە لەوەی هەواڵگریی سەربازی ئیسرائیل لە یەکەم ڕۆژی جەنگی 12 ڕۆژەدا زانایانی ئەتۆمی ئێران و فەرماندە سەربازییەکان لەناو ببات.
ساسان کەریمی، کە پێشتر وەک جێگری سەرۆکی دەزگەی لێکۆڵینەوەی ستراتیجی لە حکوومەتی ئێستای ئێراندا خزمەتی کردووە و ئێستا شیکەرەوەی سیاسی و وانەبێژە لە زانکۆی تاران، دەڵێت: دەزانین بەرپرسان و فەرماندە باڵاکان مۆبایلیان پێ نەبوو، بەڵام هاوکارەکانیان، پاسەوانە ئەمنییەکان و شۆفێرەکانیان مۆبایلیان هەبوو؛ ئەوان بێباکانە مۆبایلەکانیان بەکار هێناوە و بەم شێوەیە ئیسرائیل توانی ئامانجەکانی بپێکێت.
وردەکارییەکانی چۆنییەتی شوێنپێ هەڵگرتن و کوژرانی بەرپرسان و فەرماندە ئێرانییەکان، لەسەر بنەمای چاوپێکەوتنە لەگەڵ پێنج بەرپرسی باڵای ئێران، دوو ئەندامی سوپای پاسداران و نۆ بەرپرسی سەربازی و هەواڵگری ئیسرائیل.
مەسەلەی مۆبایلی پاسەوانەکان تەنها یەکێکە لەو کۆمەڵە شتانەی بەرپرسانی ئێران دانیان پێداناوە کە هەوڵێکی درێژخایەن و زۆرجار سەرکەوتووی ئیسرائیل بووە بۆ بەکارهێنانی سیخوڕ و کارمەندانی دانراو لە سەرانسەری وڵاتدا هەروەها تەکنەلۆجیا دژ بە ئێران، هەندێک جار بە کاریگەرییەکی وێرانکەرەوە.
دوای نوێترین ململانێ، ئێران بەردەوامە لە هەوڵی دۆزینەوەی ئەو کارمەندە هاوکارانەی ئیسرائیل کە دەترسێت لەناو وڵاتەکە و حکوومەتدا مابنەوە.
مستەفا هاشمی تەبا، جێگری سەرۆک کۆماری پێشوو و وەزیر، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای ئێران لە کۆتایی مانگی 6دا گوتی: دزەکردنی ئیسرائیل گەیشتووەتە باڵاترین ئاستی بڕیاردانمان.
ماوەیەک لەمەوبەر، ڕۆزبە وادی، کە زانایەکی ئەتۆمی بوو بە تۆمەتی سیخوڕیی بۆ ئیسرائیل و کارئاسانیی تیرۆرکردنی زانایەکی تر، لەسێدارە دا. سێ بەرپرسی باڵای ئێران و ئەندامێکی سوپای پاسداران، گوتیان "ئێران بە بێدەنگی دەیان کەسی لە کەرتی سەربازی، هەواڵگری و حکوومەت بە گومانی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل، دەستگیرکردووە یان خستوونیەتە ژێر چاودێرییەوە کە هەندێکیان پلەی بەرزیان هەبووە.، ئیسرائیل ئەو تۆمەتانەی نە پشتڕاست کردووەتەوە و نە ڕەتیشی کردوونەتەوە.
یارییە سیخوڕییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل تایبەتمەندییەکی هەمیشەی شەڕێکی سێبەریی دەیان ساڵە بوو لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا، کوشتنی ئەو هەموو کەسایەتییە ئەمنییە گرنگەی ئێران، نیشانی دەدات کە ئیسرائیل لەو بوارەدا چەند باڵا دەستە.