لە ڕانیە ئامادەکاریی بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی ڕووناکی دەکرێت

شاری ڕانیە - ناوەندی ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین
شاری ڕانیە - ناوەندی ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین

تیمەکانی چاککردنەوەی کارەبای ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین، لە ناوەندی شاری ڕانیە هەڵمەتێکی چاکسازیان لە تۆڕی کارەبای شارەکە دەستپێکردووە و بڕیارە لەسەرەتای ساڵی داهاتوودا پرۆژەی ڕووناکی لە سنووری ئیدارەکە جێبەجێ بکرێت و کارەبای سەرجەم ماڵ و شوێنەکان بکرێتە 24 کاتژمێری.

بە گوێرەی بە دوا داچوونەکانی کوردستان24، ئەم هەڵمەتەی هۆبەکانی چاککردنەوەی تۆڕەکانی کارەبا لە ڕانیە دەستی پێکردووە ، کاری چاکسازیی بگۆڕ (محاویلە) و فیدەرەکانی سەنتەری قەزای ڕانیە دەگریتەوە، ئەمەش هەموو بۆ ئامادەکارییەکانی پێشوەرزی زستانە و بارانە، لە پێناو دڵنیابوونەوە تۆڕی کارەبای نیشتمانی شارەکە کێشە و گرفتی نییە.

بەشێکی دیکەی ئەم چاکسازییەی دەستی پێكراوە، پەیوەستە بە ئامادەکارییەکان بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی ڕووناکی، کە بڕیارە لە سەرەتای مانگی دووی 2026 پرۆژەکە بگەیەندرێتە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین و کارەبا بکرێتە 24 کاتژمێری.

هەروەها بەرێوبەرایەتی گشتیی دابەشکردنی کارەبای ڕانیە، لە ڕاگەیەندراوێکدا، هاووڵاتیان ئاگەدار دەکاتەوە، کە بەهۆی ئەم چاکسازییەی دەستیان پێکردووە ڕۆژانە کارەبای نیشتمانی هەندێک گەڕەکی ناو شاری ڕانیە دەبڕێت، بۆیە لەو کاتانەدا پێویستە هاووڵاتیان موەلیدەکانی کارەبا ئیش پێ بکەن.

%50ـی دانشتووانی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەی ڕووناکی سوودمەندبوون

بە گوێرەی دوا ئاماری وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکوو ئێستا نزیکەی چوار ملیۆن هاووڵاتی دانیشتووی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پرۆژەی ڕووناکی لە کارەبای 24 کاتژمێری دا، سوودمەند بوون، لە نێویشیادا سەرتاسەری پارێزگای هەڵەبجە کراوە بە پرۆژەی ڕووناکی، بەمەش هەڵەبجە یەکەمین پارێزگایە لە ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان کارەبای بووەتە 24 کاتژمێری.

دوایین ئاماری هاووڵاتیان و هاوبەشانی پرۆژەی ڕووناکی

شار هاووڵاتی هاوبەش
هەولێر 1,935,000 504,000
سلێمانی 1,345,000 351,000
دهۆک 351,000 94,000
هەڵەبجە 139,000 38,000
کۆی گشتی 3,770,000 987,000

ڕیشەی کێشە و گرفتی کەمی و بێکارەبایی لە عێراق و هەرێمی کوردستان 35 ساڵە بەردەوامە، بەڵام دواجار لە مانگی تشرینی دووەمی 2024، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژەی ڕووباکی ڕاگەیاند و بە گوێرەی ئەم پلانەی سەرۆک وەزیران و کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دانناوە تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2026، کارەبای سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەکرێتە 24 کاژمێری و کۆتایی بە گرفتی کەمی کارەبا و پیسبوونی ژینگە دەهێندرێت.

لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی پرۆژەی ڕووناکی زیاتر لە سێ هەزار و 200 موەلیدەی گەڕەکەکان کوژێندراونەتەوە کە بڕێکی زۆری گازی ژە‌هراویان دەردەدایە نێو بەرگە هەوا و بووبوونە مایەی پیسبوونی ژینگەی شارەکان.

کۆی ئەو موەلیدانەی لەدوای جێبەجێکردنی پرۆژەی ڕووناکی لە هەرێمی کوردستان کوژێندراونەتەوە

شار ژمارەی موەلیدەی گازوایل کە کوژێندراونەتەوە کەمکردنەوەی دەردانی دوانە ئۆکسیدی کاربۆنی ساڵانە بە تۆن
هەولێر 2,197 410,000
سلێمانی 604 112,000
دهۆک 356 63,000
هەڵەبجە 65 15,000
کۆی گشتی 3,222 600,000

 

 
 
Fly Erbil Advertisment