عێراق فریوی ئاو بەردانەوەی تورکیای خوارد

ڕوانگەی عێراقی سەوز ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، 31ـی ئابی 2025، دوا ڕۆژی ئەو وادەیەیە کە تورکیا بۆ بەردانەوەی ئاوی بۆ عێراق دیاریی کردبوو.

ڕوانگەی عێراقی سەوز، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، تورکیا ڕایگەیاندبوو لە ماوەی مانگەکانی تەمووز و ئابی ئەمساڵدا، 400 مەتر سێجا ئاوی لە چرکەیەکدا بۆ عێراق بەرداوەتەوە، بەڵام عێراق "بە شێوەیەکی جدیی فریو دراوە" چونکە پێشبینی دەکرد تورکیا ئەو ئاوەی بەردابێتەوە کە ڕایگەیاندبوو، بەڵام دواتر دەرکەوت کە تەنیا 120 مەتر سێجا ئاوی لە چرکەیەکدا بەرداوەتەوە.

ڕوانگەی عێراقی سەوز ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو ڕاگەیەندراوەی تورکیا، وایکردووە عێراق دوو هێندەی ئەم بڕە ئاوە بەرداتەوە، کە لە ئەنجامدا بەنداو و کۆگاکانی ئاوی بەتاڵ کردووەتەوە.

ڕوانگە لە ڕاگەیەندراوەکەدا، هۆشداری داوە، کە عێراق لە داهاتوودا ڕووبەڕووی قەیرانێکی توندی ئاو دەبێتەوە، تا ئەو کاتەی بابەتەکە لەگەڵ تورکیا چارە دەکات، ئینجا بە دانوستان بێت یان درێژکردنەوەی ماوەی بەردانەوەی ئاو لەلایەن تورکیاوە بۆ عێراق.

ڕوانگەی عێراقی سەوز ئەوەشی ڕاگەیاند، عێراق بە دۆخێکی خراپ و مەترسیداری ئاو تێپەڕدەبێت، ئەگەری هەیە دۆخەکە لە چەند مانگی داهاتوودا خراپتر بێت، ئەگەر چارەیەکی بۆ نەدۆزنەوە. جگە لەوەش، کوالیتی ئاو لە زۆربەی پارێزگاکاندا خراپە و بۆ بەکارهێنان ناشێن.

 

 
Fly Erbil Advertisment