بەدەوییەکانی ئیسرائیل قوربانیی شەڕە مووشەکی حەماس و ئێران و ئیسرائیلن

کاتێک ئاژێری ئاگادارکردنەوە بۆ هۆشداریی لە هێرشی مووشەکەی لە بیابانی باشووری ئیسرائیل لێ دەدرێت، خێزانەکەی ئەحمەد ئەبوغەنیمە، بە پەلە، یەک لە دوای یەک، بە پلەکانە خاکییەکاندا دەچنە ئەو پەناگەیەی لە پاسێکی بچکۆلەی لە ژێر سێ مەتر گڵدا داپۆشراو، دروست کراوە.
دووشەممە، 1ـی ئەیلوول 2025، ئاژانسی هەواڵی ئاسۆشییەتد پرێس، ڕاپۆرتێکی دەربارەی گوزەرانی بەدەوییەکانی ئیسرائیل لە ژێر هەڕەشەی مووشەکبارانی حەماس و ئیسرائیل و ئێراندا بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا هاتووە "ئەبوغەنیمە، بۆدیی مینیپاسە کۆنەکەی لە حەوشەی ماڵەکەیدا، لە چاڵێکی سێ مەتر قووڵدا بە گڵ داپۆشیوە و وەک پەناگەیەک بۆ خۆپاراستن لە هێرشی مووشەکی، بۆ ماڵباتەکەی دروستی کردووە. ئەبوغەنیمە، یەکێکە لە ئەندامانی کۆمەڵگەی 300 هەزار کەسیی بەدەوییەکانی ئیسرائیل، کە لە بیابانی نەقەبدا دەژین."
ئەبو غەنیمە دەڵێت: لێرە، لەم پەناگەی پاسە بچووکەدا، دەنگی ئاژێر ناگاتە گوێی منداڵەکانمان و ئەمەش دەبێتە مایەی ئارامی و دڵخۆشییان.
هودا ئەبوعوبەید، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمەڵەی پێکەوەژیانی نەقەب، کە بۆ چارەکردنی کێشەکانی بەدەوییەکان لە باشووری ئیسرائیل کار دەکات، دەڵێت: زیاتر لە دوو لەسەر سێی بەدەوییەکان دەستیان بە پەناگە ناگات. لەگەڵ زیاتربوونی هەڕەشەی مووشەکەکان لە ماوەی جەنگی 12 ڕۆژە لەگەڵ ئێران، زۆرێک لە بنەماڵە بەدەوییەکان پەنایان بۆ دروستکردنی پەناگەی دەستکرد لە ماددە بەردەستەکان برد، وەک کۆنە کۆنتێنەری ئاسنین، بارهەڵگر و پاسی لەکارکەوتوو، شێلمان و کاریتە.

نزیکەی 90 هەزار بەدەویی لە 35 گوندی بە نایاسایی دروستکراو لە باشووری ئیسرائیل دەژین. تەنانەت ئەو بەدەوییانەی لەو ناوچانەدا دەژین کە لەلایەن ئیسرائیلەوە بە 'یاسایی' ناسراون، زۆر کەم دەستیان بە پەناگە دەگات.
ئەبوعوبەید، دەڵێت: ڕەهەت، گەورەترین شاری بەدەوینشینە لە باشووری ئیسرائیل، 8 پەناگەی گشتیی بۆ 79 هەزار کەس هەیە، لە کاتێکدا ئۆفاکیم، کە شارێکی جوونشینی دراوسێمانە، 150 پەناگەی گشتیی بۆ 41 هەزار کەس هەیە.
هەندێک جار، زیاتر لە 50 کەس هەوڵ دەدەن لە پەناگەیەکی بچووکی سێ مەتر چوارگۆشە، یان بارهەڵگرێکی لە ژێر خاکدا شاراوەدا جێگەی خۆیان بکەنەوە. هەندێکی دیکە لە بۆرییە چیمەنتۆییەکانی ژێر هێڵی شەمەندەفەردا خۆیان حەشار دەدەن. پەناگەکان ئەوەندە لە ماڵەکانمانەوە دوورن، هەندێک جار ناچار دەبین پیر و نەخۆشەکانمان لە ماڵەوە بەجێ بهێڵین.
بەدەوییەکانی ئیسرائیل دەڵێن "لە ئەنجامی هێرشەکەی حەماس لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، 21 بەدەویی کوژران و شەش کەسیش بە بارمتە گیران."
ئەبوعوبەید دەڵێت: تا ئێستا حەوت بەدەویی، کە منداڵیشیان تێدا بوو، لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکانی حەماس کوژراون. لە کاتێکدا هیچ بەدەوییەک لە ماوەی جەنگی 12 ڕۆژەدا زیانی بەرنەکەوت. مانگی نیسانی 2024ی لە ئەنجامی هێرشی مووشەکی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، کچێکی بەدەویی بە سەختی بریندار بوو.

ستانداردەکانی ئەندازیاری بۆ پەناگەکان گشتگیر و تایبەتن و ئەستووریی دیوار و جۆرەی پەنجەرە و هەواکێش دەبێت ستاندارد بن. بەڵام پەناگە خۆکردەکانی بەدەوییەکان ستاندارد نین و ئەوان دەشزانن کە پەناگەکان توانای پاراستنیانی لە هێرشی مووشەکی نییە، بەڵام دەڵێن هەبوونی پەناگە، هەرچۆنێک بێت، هەستێکی ئارام و دڵنیایمان پێ دەبەخشێت.
ئەمیر ئەبو قوەیدەر، 55 ساڵ، دانیشتووی گوندی ئەلزەڕنوگ، کە خانووەکانی بەشێوەیەکی ناڕێک لە بلۆک دروست کراون، ئاماژە بە ئاسمان دەکات و دەڵێت: کاتێک مووشەکێک دێت، ئێمە دەزانین ئایا لە غەززە یان لە ئیران یاخود لە یەمەنەوە هەڵدراوە. هەر چەند لە هەرکوێیەکەوە هەڵدرابێت، جیاوازیی نییە، گرنگ ئەوەیە بەسەر ئێمەی بێتاواندا نەکەوێت!