ژان نوێل بارۆ: فەرەنسا لە پشتیوانیی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت

لە کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆک بارزانی و ژان نوێل بارۆ لە وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە پاریس، بارۆ جەختی لە پشتگیریی بەردەوامیی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان کردەوە.
بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە، لە درێژەی سەردانەکەیدا بۆ فەرەنسا، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 5ـی ئەیلوولی 2025، سەرۆک مەسعود بارزانی لە شاری پاریس سەردانی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسای کرد و لەلایەن ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا پێشوازی لێکرا .
لەدیدارەکەدا وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندی و دۆستایەتیی مێژوویی هەردوو گەلی کوردستان و فەرەنسا جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان هەردوولا کرایەوە و ڕۆشناییش خرایە سەر سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی سەرۆک ماکرۆن بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کە ئەمساڵ ئەنجام دەدرێت.
هەر لەو دیدارەدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پێویستیی پابەندبوون بە دەستوور و چارەسەرکردنی گرفتەکان کرا.
لە بەشێکی دیکەی ئەو کۆبوونەوەیەدا، هەڕەشەکانی تیرۆر و پێویستیی هەماهەنگیی لایەنەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر تاوتوێ کرا و وەزیری دەرەوی فەرەنسا جەختی لە پشتگیریی بەردەوامیی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان کردەوە.