مەسرور بارزانی بەردی بناغەی پردی دەربەندی رانیە دادەنێت
بە گوژمەی 11 ملیار و 387 ملیۆن دینار

K24 - هەولێر
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بەردی بناغەی پردی دەربەندی رانیە دادەنێت، دەشڵێت بە پەرۆشە بۆ ئەوەی راستەوخۆ گوێ لە خەڵکی دەڤەرەکە بگرێت و "مەبەستمانە ئیدارەی راپەڕین سوود لە توانا ئابوورییەکانی وەربگرێت".
پردی دەربەندی رانیە، پڕۆژەیەکی گرنگ و ستراتیجییە لە دەڤەری راپەڕین، بە گوژمەی 11 ملیار و 387 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت.
ئەم پردە ئاسانکارییەکی زۆر بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییانی دەڤەری راپەڕین دەکات و لە رووی بازرگانیشەوە یارمەتیدەرێکی باش دەبێت بۆ جووتیارانی ناوچەکە، بۆ گواستنەوەی بەروبوومەکانیان و گەیاندنی بە بازاڕەکان.
مەسرور بارزانی: مەبەستمانە ئیدارەی راپەڕین سوود لە توانا ئابوورییەکانی وەربگرێت
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە تویتێکدا لە توویتەری تایبەتی خۆی رایگەیاند "من، ئێستا لەرێگەم بۆ رانیە، شوێنی سەرهەڵدانی راپەڕینەکەی 1991، بۆ ئەوەی بەردی بناغەی پردی دەربەندی رانیە دابنێم، (کە پڕۆژەکە) بە 9 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت".
لە بەشێکی دیکەی توویتەکەیدا سەرۆکی حکومەت دەڵێ "مەبەستمانە یارمەتیی ئیدارەی راپەڕین بدەین بۆ ئەوەی سوود لە توانا ئابوورییەکانی وەربگرێت. بەپەرۆشم بۆ ئەوەی راستەوخۆ گوێیان لێبگرم و بزانین دەتوانین چی زیاتر بکەین".
هەر ئەمڕۆ (سێشەممە، 13-10-2020) سەرۆکی حکومەت ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی دیکەش لە سنووری دەڤەری راپەڕین رادەگەیەنێت.
ئاراس ئەمین، پەیامنێری کوردستان24 لە رانیە دەڵێ "لەدوای 2011ـەوە ئەمە یەکەم سەردانی فەرمیی سەرۆکێکی حکومەتە بۆ دەڤەری راپەڕین، ئەم سەردانەش لەکاتێکدایە خەڵکی دەڤەرەکە دەیانەوێت لەنزیکەوە سەرۆکی حکومەت ببینن و کێشەکانیان بەتایبەتی لە پرۆژە تەواونەکراوەکان، یاخود پرۆژەی نوێ بە سەرۆکی حکومەت بڵێن".
پێش ساڵی 2007 هاووڵاتییانی سنووری ئیدارەی راپەرین لەگەڵ گوندەکانی سنووری دووکان و دۆڵی جافایەتی بە قەیاغ هاتووچۆیان دەکرد، لە ساڵی 2007ـیشەوە پردێک بۆ دەربەندی رانیە دروستکرا، بەڵام لەئاست پێداویستی و چاوەڕوانیی خەڵکی سنوورەکە نەبوو.
ئەم پردە نوێیەی ئەمڕۆ مەسرور بارزانی بەردی بناغەی دادەنێت، بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان، بازرگانی و گەشتیاریش سوودی زۆری دەبێت.
هـ.ر.