كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركووك پارێزراو نین

پەرلەمانی عێراق: ھێزە ئەمنیەکان لە پاراستنی کێڵگە نەوتیەکان کەمتەرخەمن

K24 – ھەولێر:

وێڕای بوونی سەدان چەکدار و ھێزی جۆراوجۆر لەکەرکووک، بەڵام تاکو ئێستا نەتوانراوە كێڵگە نەوتیەکان پارێزراو بێت لەھەرەشەی تیرۆریستی. سەرۆکی لیژنەی نەوت وزە لەپەرلەمانی عێراق لە کەرکوکەوە  دانینا بە بۆشایی ئەمنی لەشارەکە و ھێزە ئەمنیەکانیشی بە کەمتەرخەم لە پاراستنی ئەمنیەتی کێڵگە نەوتیەکان تۆمەتباركرد.

ماوەی ھەفتەییەکە دوو بیرە نەوتی کێڵگەی خەبازە تەقێنراوەتەوە و زیانی رۆژانەشی ھەزار تاکو دوو ھەزار بەرمیل نەوتە.

لەدوای شانزەی ئۆکتوبەرەوە ھیچ کێڵگەیەکی نەوتی لە سنوری کەرکوک، پاڕێزراو نەبووە لەھەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان.

لەماوەی یەک مانگدا سێ جار ھێرشکراوەتە سەر کێڵگەی خەبازە لە باشوری کەرکوک. بۆشایی ئەمنی ھەیە و ھێزە سەربازیەکانی سنوورەکە ناتوانن کێڵگە نەوتیەکان بپارێزن.

ھیبەت حلبوسی، سەرۆکی لیژنەی نەوت وزە لەپەرلەمانی عێراق لە کەرکوکەوە گوتی: "بۆشایی ئەمنی ھەیە و بەروونی دیارە، ھەفتەی داھاتوو فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک و بەرپرسانی ئەمنی دیکە لەھەواڵگری و ھێزەکانی دیکە بانگھێشتی پەرلەمان دەکرێن بۆ دانانی پلانێکی تۆکمە تاکو کردە تیرۆریستیەکان دووبارە نەبنەوە".

ھێزە ئەمنیەکانی سنوورەکە ناتوانن کێڵگە نەوتییەکان لەھەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان بپارێزن، نەک ھەر ئەمە بەڵکو تاکو ئێستا ناتوانن رێ لە بەقاچاغبردنی نەوت بگرن.

حزبەکانی کەرکوک،ئاگاداری دۆسیەی بەتاڵان بردنی نەوتی شارەکەن، ھەموو ژمارەکانیان رادەستی لایەنی پەیوەندیدار کردووە.

رۆژانە 200 ھەزار بەرمیل نەوتی کەرکوک دەچێتە پاڵاوگەکانەوە و بۆ پێداویستی نێوخۆی بەکاردەھێنرێت. 100 تاکو 120 ھەزار  بەرمیلیش ھەناردەی بەندەری جیھانی تورکی دەکرێت.

Fly Erbil Advertisment