پەروەردە و خوێندن لەم سەردەمەدا

Kurd24

ئەم وتارە هەوڵێکە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە: ئایا ناوەندەکانی خوێندنی ئێستا فێرخوازان بۆ ژیان و ژیاری ئەم سەردەمە پێدەگەیەنن؟

ئاشکرایە لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەم و سەرەتای ئەم سەدەیە تەکنۆلۆژیا بەشێوەیەکی زۆر خێرا و ترسناک پێشکەوت، لە پێشبینی کەسدا نەبوو. من بەم پێشکەوتنە دەڵێم ترسناک، چونکە هێشتا ئەنجام و دەرهاوێشتەکانی بە تەواوی دیارنین. مرۆڤایەتی لە پڕ کەوتە ناو تۆڕێکی چڕوپڕ و بەربڵاوی زانیاری و مەعریفە، تێیدا تەکنۆلۆژیای زانیاری و پەیوەندیکردن زۆر بە خێرایی هەموو شتێکیان گۆڕی، ئەوە باسی زیرەکی دەستکرد هەر مەکە، كە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر هەموو کایەکانی ژیان هەیە و دەبێت، لە کار، پیشە، خوێندن، سیاسەت، میدیا و هتاد.

ئێستا هەمووان لە چ بوارێک و کەی و لەکوێ بیانەوێت زانیارییان دەستدەکەوێت، هەروەکو جیمی وێلزی دامەزرێنەری ویکیپیدیا بەم پێشهاتە دەڵێت "بە دیموکراتیکردنی مەعریفە". پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئایا ئەم پێشکەوتن و پەرەسەندنە گەورەیە لە پەروەردە و خوێندن ڕەنگیداوەتەوە؟ من پێموایە نەخێر، نەک تەنها لە کوردستان و عێراق، بەڵکو لە ناوەندەکانی خوێندنی وڵاتانی پێشکەوتووش بەپێی پێویست نییە. بۆ ئەم مەبەستە پسپۆڕانی بواری پەروەردە و خوێندن لە هەموو جیهان خەریکی توێژینەوە و تاوتوێکردنی ئەم بابەتەن.

ئەگەر باسی لای خۆمان بکەین، دەبینین ناوەندەکانی خوێندن لەگەڵ (30) ساڵ بەر لە ئێستا جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە، بەڵکو لەوانەیە هەندێك کەس پێیانوابێ توانای مامۆستایان، کوالێتی باڵەخانە، تاقیگەکان، پڕۆگرامەکانی خوێندن و لە هەمووشی گرنگتر ئاستی زانستی و توانا و دانایی فێرخوازانی دەیەکانی ڕابردوو لە ئێستا باشتر بێت. لەوانەیە لە ڕووی چەندایەتییەوە ژمارەی زانکۆ، پەیمانگە و قوتابخانەکان زۆر زیادبووبێ، بەڵام لە ڕووی چۆنایەتییەوە جێگەی پرسیارە. هەرچەندە بۆچوونێکی تریش هەیە پێیوایە توانای گەنجانی ئەم سەردەمە، بەتایبەتی لە بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای نوێوەوە، زۆر لە توانای مامۆستایان و ئەو خزمەتگوزارییانەی لە ناوەندەکانی خوێندن پێشکەش دەکرێن زیاترە. ئەمەش لەوانەیە تا ڕادەیەک ڕاست بێت، لێرەشدا پێویست دەکات پێداچوونەوە بە سیستەمی خوێندن و پەروەردە بکرێت.

هەر لەبەر ئەم هۆکارانە، ئێستا پێداویستییەکی هەنووکەییە لە کوردستان بە دوای مۆدێلێکی نوێی پەروەردە و خوێندندا بگەڕێین. دووبارە بیر لە سرووشت و پێداویستییە پەروەردەییەکان بکرێتەوە، بە دید و ئامانجێکی نوێ و سەردەمییانە گۆڕانکاری لە شێوازی پێگەیاندنی مامۆستایان بکرێت، پڕۆگرامەکانی خوێندن بەشێوەیەک دابڕێژرێنەوە کە لەگەڵ بازاڕی کار و پێداویستییە ژیانی و ژیارییەکانی فێرخوازان و کۆمەڵگەکان بگونجێت، هەروەها ستراکچەری زانکۆ و خوێندنگەکان سەرلەنوێ دابڕێژرێنەوە. دەکرێت ئەم گۆڕانکارییانەش بە قۆناخ ئەنجام بدرێن، چونکە پێموایە گۆڕانکاری سەرتاسەری و ڕیشەیی پێویستی بە کاتی زیاترە، گۆڕانکاری لەناکاو و بێ لێکۆلینەوە، دەرهاوێشتەی خراپی دەبێت.

بیرکردنەوە لە پێداچوونەوە بە سیستەمی پەروەردە و خوێندن دەبێ بە شێوەیەک بێت کە لە دوو لایەنەوە سوود بە فێرخواز و کۆمەڵگەش بگەیەنن. لەلایەکەوە پێداچوونەوەکان پەیوەندییان بە حەز، ژیان، ژیار و ژینگەی فێرخوازەوە هەبێت. لەلایەکی ترەوە فێرخواز فێری ئەو بەهرە، توانایی و داناییە بکات کە کۆمەڵگە، بازاڕی کار و ژیانی سەردەم لێیدەخوازن. ئەگەر سیستەمی پەروەردە و خوێندن جیاوازی لە بیرکردنە و شێوازی ژیانی فێرخواز دروست نەکات، یان ئەگەر سیستەمەکە لە دواوەی پێشکەوتنەکانی کۆمەڵگە و بازاڕی کار بێت، ئەوە نیشانەی ئەوەیە کێشە لە سیستەمەکە هەیە.

بەم پێوەرە بێت، ئێستا بەشێکی زۆر لە زانکۆ و خوێندنگەکان لە دواوەی پێشکەوتنەکانی بواری تەکنۆلۆژیای زانیاری و پەیوەندیکردنن، نەک هەر ناتوانن بیرکردنەوەی فێرخوازان بگۆڕن یان داهێنان لە تەکنۆلۆژیادا بکەن، بەڵکو ناتوانن خۆشییان لەگەڵ ئەم پێشکەوتننانە بگونجێنن. بەشێک لە فێرخوازان لە ڕووی توانای بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای نوێوە زۆر لە پێش توانای زۆربەی بەشە زانیستییەکانن.

چیتر گۆڕانکاری ڕووکەشانە، لە گۆڕینی پڕۆگرامەکانی خوێندن و دروستکردنی باڵەخانەی بێ ناوەڕۆک دادی زانکۆ و خوێندنگەکان نادات. لەم سەردەمەدا ناوەندەکانی خوێندن پێویستییان بە دوو شت هەیە، ئەوانیش بریتین لە پەرەپێدانی توانای مامۆستایان و هێنانە ناوەوەی تەکنۆلۆژیای نوێ. پەرەپێدانی تواناکانی مامۆستایان لە هەردوو کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا بە ڕاهێنانی بەردەوامی مامۆستایان دەکرێت لە بواری شێوازەکانی وانەگوتنەوە و مامەڵەکردن لەگەڵ فێرخوازان و سەرپەرشتیکردنیان، نەک تەلقیندانیان، ئەمەش بە گرنگیدان و پێشخستنی خوولەکانی پێداگۆجی دەکرێت. هەموو کەسێک ئازادە لەوەی چی دەخوێنێت و تا چ ئاستێک لە خوێندن بەردەوام دەبێت، هەموو کەسێک دەتوانێ بەکالۆریۆس یان ماستەر و دکتۆرا بخوێنێت، بەڵام هەموو کەسێک نابێت ببێت بە مامۆستا، جا چ مامۆستای سەرەتایی یان ئامادەیی یان زانکۆ بێت. ئەوەی بیەوێت ببێت بە مامۆستا، دەبێ بڕوانامەیەکی پێداگۆجی هەبێت، ئەم بڕوانامەیاش لە دبلۆمێک کەمتر نەبێت.

لەلایەکی دیكەوە تێکەڵکردنی تەکنۆلۆژیای زانیاری و پەیوەندیکردن لەگەڵ پڕۆگرامەکانی خوێندن کارێکی گرنگە. ناکرێت بۆ نموونە کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن و گەیاندن نوێترین ئامێرەکانی ئەم بوارە بەکاربێنن، کەچی ئامێر و تاقیگە و وۆرکشۆپەکانی ئەم بەشە زانیستییانە هی (20) ساڵ لەمەوبەر بن.

حکومەت و کەسانی بڕیاربەدەستی بواری پەروەردە و خوێندن پێویستە بە جۆرێکی دیكە و بە تێڕوانینێکی نوێ و سەردەمییانە بیر لەم بوارە بکەنەوە. دەبێ سیاسەتی خوێندن (policy) بگۆڕن، نەک تەنها لایەنی فیزیکی و مەتریاڵی. دەبێ حکومەت بەجۆرێک سەیری پەروەردە و خوێندن بکات کە گرنگترین جۆری وەبەرهێنانە، کە زۆر لە وەبەرهێنان لە باڵەخانە و یەکەکانی نیشتەجێبوون گرنگترە. دەبێ وا سەیری خوێندن بکرێت کە وەبەرهێنانێکی گەورە و گرنگە بۆ دوارۆژی وڵات، وا سەیری زانایی، توانایی و کارایی فێرخواز و دەرچووان بکرێت کە سامانێکی نیشتمانین.