ئینگلیزی و ئابووری

Kurd24

ئەمڕۆ زمانی ئینگلیزی هاتۆتە ناو گشت کایەکانی ژیانی زۆربەی هەرە زۆری تاکەکانی کۆمەڵگەکان. خەڵکانێکی زۆر ناچارن بەشێوەیەک لە شێوەکان بەرکەوتنیان لەگەڵ ئەم زمانە هەبێت، بۆ نموونە لە خوێندن و پەرەوەردە، لە بازرگانی، لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ، لە هەمووشی گرنگتر لە کار و پیشەدا، کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ئابووری تاک و کۆمەڵگە و وڵاتانی دنیاوە هەیە. لەم وتارەدا هەوڵدەدین پەیوەندی نێوان زمانی ئینگلیزی و ئابووری تاکەکەس و وڵاتان تاوتوێ بکەین، بۆ ئەوەی بزانین ئایا فێربوونی زمانی ئینگلیزی پەیوەندی بە زیادبوونی داهاتی کەسەکانەوە هەیە، یان ئایا ڕاستە کە ئاستی زمانی ئینگلیزی هەر وڵاتێک پەیوەندی بە ئاستی ئابووری و گوزەرانی ئەو وڵاتەوە هەیە.

توێژینەوەکان دەریانخستوە کە ئاستی ئابووری ئەو وڵاتانەی ئاستی زمانی ئینگلیزییان بەرزە لەو وڵاتانە باشترە کە ئاستی زمانی ئینگلیزییان نزمە یان هەر بەکاری ناهێنن

توێژینەوەکان دەریانخستوە کە ئاستی ئابووری ئەو وڵاتانەی ئاستی زمانی ئینگلیزییان بەرزە لەو وڵاتانە باشترە کە ئاستی زمانی ئینگلیزییان نزمە یان هەر بەکاری ناهێنن. بۆ نموونە ئابووری وڵاتانی وەکو ئەمریکا، ئینگلتەرە و سەنگافورە لە ئاستی ئابووری وڵاتانی وەکو چین، رووسیا و بەرازیل باشترە، نەک هەر ئەمە، بەڵکو گوزەرانی خەڵکی وڵاتانی گرووپی یەکەم لە خەڵکی گرووپی دووەم باشترە. ئایا ئەمە پەیوەندی بە زمانی ئینگلیزییەوە هەیە یان هۆکاری دیكەی لە پشتەوەیە. خەڵکانێک لەوەیە بپرسن ئێ خۆ هیندستانیش زمانی ئینگلیزی بە بەربڵاوی بەکاردەهێنێت، بەڵام ئاستی گوزەرانی خەڵکەکەی بەپێی پێویست نییە!، ئەمەش لەوانەیە ڕاست بێت، بەڵام توێژینەوەکان دەریانخستوە کە زمانی ئینگلیزی یەکێکە لە فاکتەرە گرنگەکان، بەڵام تاکە فاکتەر نییە، بەڵکو فاکتەری دیكەش هەن کە ڕۆڵیان هەیە لەم بوارەدا.

لەم ئیندێکسەدا دەرکەوتووە کە هەلی کار لەسەر ئاستی تاکەکەسی پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە زانینی زمانی ئینگلیزییەوە هەیە

ئیندێکسی توانستی ئینگلیزی (EF English Proficiency Index)، کە بەپێی توانای زمانی ئینگلیزی ریزبەندی بۆ وڵاتان دەکات و تاقیکردنەوەیان بۆ ئاستی زمانی ئینگلیزی زۆربەی وڵاتان و ناوچە جیاجیاکانی جیهان کردووە، بۆیان دەرکەوتووە کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان بەرزبوونەوەی ئاستی زمانی ئینگلیزی ئەم وڵاتانە و داهاتی تاک و وڵات هەیە، هەروەها هەر لەم ئیندێکسەدا دەرکەوتووە کە هەلی کار لەسەر ئاستی تاکەکەسی پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە زانینی زمانی ئینگلیزییەوە هەیە، بەڕێژەیەک کە دەرفەتی دەستکەوتنی کار بۆ ئەوانەی ئینگلیزی دەزانن (30 تا 50%) لەوانە زیاترە کە ئینگلیزی نازانن، هاوكات مووچەی مانگانەشیان زیاترە. بۆ نموونە لەم ریزبەندیەدا وڵاتانی باکووری ئەورووپا، بەتایبەتی وڵاتانی ئەسکەندەناڤیا، لە سەری سەرەوەی لیستەکە دێن، کە ئاستی زمانی ئینگلیزی تێیاندا بەرزە و زۆر گرنگی بە فێربوونی ئەم زمانە دەدەن، بۆیە دەبینین کە ئاستی گوزەرانی خەڵک لەم وڵاتانە زۆر باشترە.

بەپێی داتاکانی ئەم ئیندێکسە، ئەو وڵاتانەی کە گرنگی بە زمانی ئینگلیزی دەدەن، نەک تەنها لە ڕووی ئابوورییەوە، بەڵکو لە زۆر لایەنی تریشەوە پێش دەکەون، بۆ نموونە کوالێتی و ستانداری ژیانی خەڵکەکە باشتر دەبێت. کارکردن لەو وڵاتانەی زمانی ئینگلیزیان باشە بۆ وەبەرهێنەرە نێودەوڵەتییەکانیش باشترە، چونکە هەست دەکەن ژینگەی کارکردنەکەیان باشتر دەبێ و ئەو وڵاتە توانای ئەوەی دەبێ بچێتە ناو نەخشەی کار و پیشە و وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی. ئەوە جگە لەوەی لە ناوخۆی ئەم وڵاتەشدا ئەگەری پێشکەوتن و پەیدابوونی دەستی کاری زیرەک و کارا زیاترە.

عێراق لە ئاستی ئەو وڵاتانەیە کە تێیدا توانای زمانی ئینگلیزی زۆر لاوازە

لە دوایین ڕاگەیاندنی ئەم ئیندێکسە EF English Proficiency Index (EPI) ، كە لە مانگی 11ـی 2022، دەرچووە، بەپێی توانای زمانی ئینگلیزی وڵاتانی جیهانی دابەشکردووە بۆ پێنج ئاست، وەکو لەم خشتەیەی خوارەوە دیارە، بەداخەوە عێراق لە ئاستی ئەو وڵاتانەیە کە تێیدا توانای زمانی ئینگلیزی زۆر لاوازە. لەبەرئەوەی داتای پێویست لەسەر هەرێمی کوردستان نییە، ئەویش هەر لەگەڵ عێراق ئەژمار کراوە.

ئەمڕۆ بە ملیاران کەس لە هەوڵی ئەوەدان خۆیان فێری زمانی ئینگلیزی بکەن، لەوانەیە بۆ بەشێکیان ئەمە خولیایەک بێت و حەز بکەن بۆخۆیان فێری ئەم زمانە ببن، لەوەنەشە بەشێکیان بۆ خوێندن و خۆ رۆشنبیرکردن بێت، کە ئەمڕۆ سەرچاوەگەلێکی زۆر لە هەموو بوارەکانی زانست و زانیاری بە زمانی ئینگلیزی بەشێوەی ئۆنڵاین بەردەستە، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی لە خوێندنی باڵا دەخوێنن و خەریکی کاری توێژینەوەی زانستین، یاخود لەوانەیە کەسانێک حەز بکەن فێری زمانی ئینگلیزی ببن بەمەبەستی گەشتوگوزار و سەفەرکردن، چونکە ئێستا ئەم زمانە بووە بە زمانێکی جیهانی و لە زۆربەی وڵاتانی جیهان تێیدەگەن و قسەی پێدەکەن، هەتا لە وڵاتانی خۆرهەڵات و وڵاتانی عەرەبیش، بەتایبەتی بۆ کاروباری بازرگانی، چونکە زۆربەی هەرە زۆری کۆمپانیاکان، کۆمپانیای نێودەوڵەتین و ستافی ئینگلیزیزانیان هەیە.

خواستی دەستکەوتنی کار پاڵنەرێکی زۆر بەهێزی فێربوونی زمانی ئینگلیزییە لە سەرتاسەری جیهان

لەسەرووی هەموو ئەمانەشەوە خواستی دەستکەوتنی کار پاڵنەرێکی زۆر بەهێزی فێربوونی زمانی ئینگلیزییە لە سەرتاسەری جیهان. زۆربەی هەرە زۆری خاوەن کار و کۆمپانیا گەورەکان پێیانوایە کە ئینگلیزی زۆر گرنگە بۆ بەرەوپێشچوونی کارەکانیان و بەنێودەوڵەتیبوونی کۆمپانیاکانیان، چونکە لە رۆژگاری ئەمڕۆدا چیتر کۆمپانیاکان دەزگای لۆکاڵی نین، بەڵکو زۆربەی هەرە زۆریان لە هەوڵی ئەوەدان ڕەهەندی بەجیهانیبوون و بەنێودەوڵەتیبوون بۆ کارەکانیان زیاد بکەن و لقی نوێ لە وڵاتانی جیاجیا بکەنەوە.

ئاستی زۆر بەرز ئاستی بەرز ئاستی مامناوەند ئاستی لاواز ئاستی زۆر لاواز

هۆڵەندا
سەنگافورە
نەمسا
نەرویج
دانیمارک
بەلجیکا
سوید
فنلەندا
پورتوگال
ئەڵمانیا
کرواتیا
ئەفریقیای باشوور
پۆڵەندا

یۆنان
سلۆڤاکیا
لۆکسمبۆرگ
ڕۆمانیا
هەنگاریا
لیتوانیا
کینیا
بولگاریا
فلیپین
چیک
مالیزیا
لاتڤیا
ئیستۆنیا
سربیا
نایجیریا
سویسرا
ئەرژەنتین
هۆنگکۆنگ

ئیتاڵیا
ئیسپانیا
فەڕەنسا
ئۆکرانیا
کۆریای باشوور
کۆستەریکا
کوبا
بیلاڕووس
ڕووسیا
گانا
مۆڵداڤیا
پاراگوای
بۆلیڤیا
چیلی
جۆرجیا
ئەلبانیا
هیندۆراس
ئۆرەگوای
سلڤادۆر
پێرو
هیندستان
دۆمەنیکا
لوبنان
ئۆگەندا
تونس
ئەرمینیا
بەرازیل
گوانتیمالا
ڤێتنام

نیکەرەگوا
چین
تەنزانیا
تورکیا
نیپال
بەنگلادیش
ڤەنزوێلا
ئیسوپیا
ئێران
پاکستان
سریلانکا
مەنگۆلیا
قەتەڕ
ئیسرائیل
پەنەما
مەغریب
کۆلۆمبیا
ئیماڕات
جەزائیر
ژاپۆن
ئەندەنوسیا
ئیکوادۆر
سووریا
کوێت
میسر
مۆزەمبیق
ئەفگانستان

مەکسیک
ئۆزباکستان
ئوردن
کیرگستان
ئازەربایجان
میانمار
کەمبۆدیا
سودان
کامیرۆن
تایلەند
هایتی
کازاغستان
سۆمال
عومان
سعودیە
عێراق
کەناری عاج
ئەنگۆلا
تاجیکستان
راوەندا
لیبیا
یەمەن
کۆنگۆ

بەگوێرەی سەکۆی ئابووری جیهانی (World Economic Forum)، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان توانای زمانی ئینگلیزی هاوڵاتیانی وڵاتێک و توانای ئابووری ئەم وڵاتە هەیە، نەک هەر ئەمە، بەڵکو پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان توانای زمای ئینگلیزی وڵاتێک لەگەڵ ئاسانی ئەنجامدانی کاری بازرگانی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی لەم وڵاتەدا هەیە، هەروەها توانای بەرهەمهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاوردە و هەناردەکردنیش لەو وڵاتانە زۆر باشترە، کە هاوڵاتییەکانی ئاستی زمانی ئینگلیزیان بەرزترە.

0

سەرچاوەکان:

* EF English Proficiency Index (2022)

* Kaplan, Robert B.; Baldauf, Richard B. (1997). Language planning from practice to theory. Clevedon: Multilingual Matters.

* Spolsky, Bernard (2004). Language Policy. Cambridge: Cambridge University Press.