خوێندنی ئێواران لە زانکۆدا

Kurd24

خوێندنی ئێواران لەمێژە لە قوتابخانەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، بەڵام لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستاندا زۆر کۆن نییە و لە کۆتایی سەدەی بیستەم و سەرەتای سەدەی بیست و یەکەم وەکو دیاردەیەکی نوێ سەریهەڵدا.

یەکەمجار لە هەولێر کۆلێژێک بە ناوی کۆلێژی مافی ئێواران لە زانکۆی سەڵاحەددین لە ساڵی 1992 کرایەوە و تا ساڵی 2005 بەردەوام بوو، پاشان لەگەڵ کۆلێژی یاسا لێکدرا و بوو بە بەشی ئێوارانی ئەم کۆلێژە. پاشان هەر لە زانکۆی سەڵاحەددین بەشی ئینگلیزی ئێواران و چەند بەشێکی دیكەش کرانەوە. لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکەم بەشێکی زۆر لە زانکۆکان خوێندنی ئێوارانیان دەستپێکرد. لێرەدا دەمانەوێت لێکدانەوەیەک بۆ ئەم جۆرە خوێندنە بکەین، لایەنە باش و خراپەکانی بخەینەڕوو، بزانین لە زانکۆکانی جیهان چۆنە، هەروەها ئەگەر بڕیارە ئەم جۆرە خوێندنە لە كوردستان بەردەوام بێت، چی بکرێت بۆ باشترکردنی.

ئەگەر سەرەتا باسی لایەنە باشەکانی خوێندنی ئێواران بکەین، دەبینین ئەم جۆرە خوێندنە بۆ ئەو کەسانەی کە بەیانیان بە هەر هۆکارێک بێت ناتوانن بخوێنن یان لە ڕابردوودا نەیانتوانیووە بخوێنن، چەندین سوودی هەیە، تەنانەت هەلێکی زێڕینە بۆ ئەوەی درێژە بە خوێندنی خۆیان بدەن. لەوانەیە هەندێک لەو کەسانە بەیانیان کاریان هەبێت و بۆیان نەگونجێت بخوێنن.

خوێندنی ئێواران هەلێکی باشە بۆ دروستکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و پەیوەندی کار، چونکە خەڵک لە ئاستی جیاجیا ڕووی تێدەکەن و لەگەڵ خەڵکانێک ئاشنا دەبیت کە لەوانەیە خاوەن کار و خاوەن بیرۆکەی کاری گەورە بن

لەلایەکی دیكەوە، خوێندنی ئێواران هەلێکی باشە بۆ دروستکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و پەیوەندی کار، چونکە خەڵک لە ئاستی جیاجیا ڕووی تێدەکەن و لەگەڵ خەڵکانێک ئاشنا دەبیت کە لەوانەیە خاوەن کار و خاوەن بیرۆکەی کاری گەورە بن. لێرەدا تۆڕێک لە پەیوەندی باش دروست دەبێت. لە کاتی وانەکان لە ناو پۆل و لە دەرەوەی پۆلیش گفتوگۆی جددی دروست دەبێت و سوودێکی زۆری دەبێت بۆ کرانەوەی مێشکی فێرخوازان. جگە لەمەش، خوێندنی ئێواران لەوانەیە بۆ ئەوانەش باش بێت کە بەیانیان کار ناکەن، چونکە بەیانیان بواری ئەوەیان دەبێت زیاتر بخوێنن یان دەتوانن بەشێوەی خۆبەخش لە دەزگایەک یان کۆمپانیایەک کار بکەن کە لە پسپۆڕی خوێندنەکەیان نزیک بێت و زیاتر پەرە بە تواناکانی خۆیان بدەن. زۆرجاری واش هەیە مامۆستایانی خوێندنی ئێواران مامۆستای بە ئەزموونن و بەیانیان یان کاری تایبەت بەخۆیان هەیە، یانیش خانەنشینن، دەکرێت سوود لە ئەزموونەکانیان وەربگیرێن.

ئەگەر باسی ماوەی وانەکانی خوێندنی ئێواران بکەین، لە زۆربەی زانکۆکان ماوەی وانەکانی لە وانەکانی بەیانیان کەمترە. کاتی پشوو و چالاکییە کۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەکان کەمترن، بۆیە بە کاتێکی کەمتر کۆرسەکان تەواو دەبن. ئەمەش لەوانەیە بۆ ئەو کەسانەی کە خاوەن کارن باش بێت، بەڵام بۆ ئەوانەی کاریان نییە لەوانەیە خراپ بێت و لە زۆر شت بێبەش ببن کە لە خوێندنی بەیانیان هەیە.

لەوانەیە فێرخوازانی خوێندنی ئێواران توانای تەرکیزکردنیان کەمتربێت، بەتایبەتی ئەوانەی لەکاتی بەیانیان کارێکی زۆریان هەیە و مێشکیان ماندوو دەبێت

لەگەڵ ئەوەی کە خوێندنی ئێواران چەندین لایەنی ئەرێنی هەیە، بەڵام لایەنی نەرێنیشی هەیە. یەکێک لەو لایەنە خراپانە ئەوەیە کە لەوانەیە فێرخوازانی خوێندنی ئێواران توانای تەرکیزکردنیان کەمتربێت، بەتایبەتی ئەوانەی لەکاتی بەیانیان کارێکی زۆریان هەیە و مێشکیان ماندوو دەبێت. ئەوانە لەوانەیە پێویستیان بە ئیسراحەت هەبێت نەک خوێندن، چونکە خوێندنیش پێویستی بە مێشکێکی باش و فۆکەسێکی باش هەیە. لەلایەکی تریشەوە فێرخوازانی خوێندنی ئێواران لە زۆر چالاکی و پەیوەندی کۆمەڵایەتی بێبەش دەبن و ناتوانن بەپێی پێویست هەتا گرنگی بە ئەندامانی خێزانەکانی خۆشیان بدەن. ئەمە جگە لەوەی کە باسمان کرد، لە ژیانی زانکۆییدا چەندین بۆنە و چالاکی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و کاتبەسەربردن هەن، کە لە خوێندنی ئێواران نییە. ئەوەی پەیوەندی بە وانە و پسپۆڕییە پراکتیکییەکانەوە هەیە، لەبەرئەوەی ماوەی خوێندنی ئێواران کەمترە، فێرخوازان بەتەواوەتی ناپڕژێنە سەر ئەنجامدانی وانە پرکتیکییەکان و سەردان و گەشتە زانستییەکان.

تائێستا لە هەرێمی کوردستان داتای پێویست و توێژینەوەی زانستی باوەڕپێکراو بەردەست نییە بۆ ئەوەی بەراوردێک لە نێوان ئاستی دەرچووانی خوێندنی بەیانیان و ئێواران بکەین. ئەوەی هەیە هەر قسەیە کە دەڵێن لەوانەیە، لەبەر ئەو هۆکارانەی باسمان کردن، ئاستی دەرچوانی بەیانیان باشتر بێت لە دەرچووانی ئێواران، بەڵام بەگوێرەی ئەزموونی خۆم لەم بوارەدا پێموانییە ئەمە تەواو بێت، چونکە دەبینین کە دەرچوانی خوێندنی ئێواران پۆست، پلە، کار و کۆمپانیای باشیان هەیە. لەوانەشە ئەمە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە فێرخوازانی خوێندنی ئێواران هەر خۆیان، پێش ئەوەی بێن بۆ زانکۆ، کەسانی سەرکەوتوو بن و خاوەن پلە و پایەی کۆمەڵایەتی و خاوەن کار و بزنس بن.

لە زانکۆکانی بەشێکی زۆری وڵاتان خوێندنی ئێواران هەیە، نەک هەر ئەمە، بەڵکو چەندین جۆری تری خوێندنیان هەیە کە دەگونجێت لەگەڵ پێداویستی و داواکاری و کاتەکانی ئەو کەسانەی کە خوازیاری تەواوکردنی خوێندنی زانکۆیین

ئەگەر باسی خوێندنی ئێواران لە زانکۆکانی جیهان بکەین، دەبینین لە زانکۆکانی بەشێکی زۆری وڵاتان خوێندنی ئێواران هەیە، نەک هەر ئەمە، بەڵکو چەندین جۆری تری خوێندنیان هەیە کە دەگونجێت لەگەڵ پێداویستی و داواکاری و کاتەکانی ئەو کەسانەی کە خوازیاری تەواوکردنی خوێندنی زانکۆیین. ئەو کۆت و بەندانەی کە یاسا و ڕێسا و ڕێنماییەکانی خوێندنی باڵا لە وڵاتانی لای خۆمان خوێندنیان پێ سنووردار کراوە،  لە بەشێکی زۆر لە زانکۆکانی جیهان بوونیان نییە. ئەوان پڕۆگرامی تایبەتیان هەیە بۆ خوێندنی ئێواران و خوێندنی پشووی کۆتایی هەفتە و خوێندنی خێرا و خوێندن لە کاتی کارکردن و لەناو کۆمپانیاکان. لە هەمووشی گرنگتر، ئەوان کار لەسەر بنەمای خوێندن و فێربوون بە درێژایی تەمەن (long life learning) دەکەن، کە بە هەموو شێوەیەک هەوڵدەدەن بەربەستەکانی بەردەم فێربوون لاببەن. جگە لەوەش مەرجەكانی تەمەن و نمرە هەموو شتێک نین، بەڵکو توانا، شیان، چاوپێکەوتن، کارەکانی پێشوو... هتاد، هەموو ئەمانە ڕۆڵیان هەیە لە وەرگرتنی فێرخوازان لە زانکۆکاندا.

لە بەشێکی زۆر لە زانکۆکانی جیهان خوێندنی ئێواران هەیە. ئەگەر گەڕانێک بە ئینتەرنێت و گووگڵ بکەی، دەبینی کە زانکۆکان ڕیكلام بۆ خوێندنی ئێواران دەکەن. بۆ نموونە لە زانکۆی تەکنەلۆژی مەنستەر لە ئیرلەندا (Munster Technological University, Ireland) پڕۆگرامی تایبەتی بەکالۆریۆسی ئێواران و ڕۆژانی کۆتایی هەفتە هەیە، بۆ ئەو کەسانەی کە لە تەمەنی گەنجی نەیانتوانیوە بخوێنن یان کاریان هەبووە و ئێستا گەڕاونەتەوە خوێندن، هەروەها بە هەمان شێوە لە زانکۆی سیتی لە لەندەن (City university of London) ئەم جۆرە خوێندنە هەیە. لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا (276) زانکۆ خوێندنی تایبەت بە گەورانیان هەیە. لە ئەڵمانیا (61) پڕۆگرامی بەکالۆریۆسی نیوە دەوام (Part time Bachelor Programs) هەیە.

سیستەمێکی تر لە زانکۆکانی جیهان هەیە کە هاوشێوەی خوێندنی ئێوارانی لای خۆمانە، ئەویش ئەوەیە کە بەشێکی زۆری زانکۆکان ڕۆژانە کۆرس و وانەکان دووبارە و سێبارە دەکەنەوە. بۆ نموونە وانەی ئامار لە ڕۆژێکدا سێجار دووبارە دەبێتەوە، بەیانیان، نیوەڕۆیان و ئێواران، بۆ نموونە هەمان وانە كاتژمێر نۆی بەیانی، یەکی دوای نیوەڕۆ و پێنجی ئێوارە لەوانەیە دووبارە بێتەوە، ئەمە بۆ ئەوەی یارمەتی فێرخوازان بدات بە گوێرەی کاتی گونجاوی خۆیان وانەکە وەربگرن.

پێمانوایە بۆ بارودۆخی هەرێمی کوردستان خوێندنی ئێواران پێویستە و لایەنە ئەرێنییەکانی لە لایەنە نەرێنییەکانی زیاترە

لە کۆتاییدا، پێمانوایە بۆ بارودۆخی هەرێمی کوردستان خوێندنی ئێواران پێویستە و لایەنە ئەرێنییەکانی لە لایەنە نەرێنییەکانی زیاترە. هەرێمی کوردستان لە ڕابردوودا تووشی چەندین ئاڵنگاری سیاسی، ئابووری، شەڕ و ئاڵۆزی بۆتەوە، کە بەهۆیەوە خەڵکانێکی زۆر نەیانتوانیوە بخوێنن، بۆیە زیاتر گرنگیدان بە خوێندنی ئێواران لە زانکۆکان کارێکی پێویستە، بەڵام بەمەرجێک هەوڵبدرێت لە ڕووی کوالێتیەوە باشتر بکرێت. ئەمە لەگەڵ بنەمای دەستەبەرکردنی خوێندن بۆ هەمووان و فێربوون بە درێژایی تەمەن یەکدەگرێتەوە، کە مافێکی سەرەتایی هەموو کەسێکە. لەلایەکی دیكەوە لەبەرئەوەی ئەرک و تێچوونی خوێندنی ئێواران لەسەر حکومەت نییە، بەڵکو لەسەر خودی فێرخوازە، ئەم جۆرە خوێندنە نابێتە بارگرانی لەسەر حکومەت و زانکۆکان، بە پێچەوانەوە دەبێتە سەرچاوەیەکی داهاتیش بۆ زانکۆکان.

سەرچاوەکان:

* Aisenbrey, S., & Fasang, A. (2017). The interplay of work and family trajectories over the lifecourse: Germany and the United States in comparison. American Journal of Sociology.

* Biewen, M., & Tapalaga, M. (2017). Life-cycle educational choices in a system with early trackingand “second chance” options. Economics of Education Review.

* Söhn, J. (2016). Back to school in a new country? The educational participation of adult immigrantsin a life-course perspective. Journal of International Migration and Integration.