پێگەی زانکۆکانی کوردستان لە ڕیزبەندی وێبۆمێتـریکس

Kurd24

لە دوایین ڕاگەیاندنی وێبۆمێتـریکس بۆ ڕیزبەندی زانکۆکان لە تەممووزی ٢٠٢٣، ڕیزبەندی هەندێك زانکۆ كەمێك بەرزبوونەتەوە، بەڵام هەندێکییان دابەزیوون، بەشێوەیەکی گشتی تائێستا زانکۆکانی کوردستان لە دواوەی بەشێکی زۆر لە زانکۆکانی عێراق، ناوچەکە و جیهانن، بۆ نموونە زانکۆی سلێمانی کە یەکەمی سەر ئاستی کوردستان بوو، دەیەمی سەر ئاستی عێراق و (٢٨٨٢)یەمی سەر ئاستی جیهان بووە. زانکۆی سەڵاحەددین کە دووەمی سەر ئاستی کوردستان و پازدەیەمی سەر ئاستی عێراق بوو، (٣٢٤٢)یەمی سەر ئاستی جیهان بووە، زانکۆکانی دیكەش زۆر لە دواوەوەی ئەمانەبوون. لەم نووسینەدا هەوڵدەدەین ڕیزبەندی وێبۆمێتریکس بۆ زانکۆکانی جیهان بناسێنین، چۆنیەتی کارکردن و لایەنە باش و خراپەکانی ئەم ڕیزبەندییە نیشان بدەین و هۆکارەکانی لە دواوەبوونی زانکۆکانی کوردستان دەستنیشان بکەین.

وێبۆمێتریکس لە تاقیگەی سایبەرمێتریکس لەلایەن گرووپێکەوە دامەزراوە، کە سەر بە ئەنجوومەنی توێژینەوەی نیشتمانی ئیسپانین لە مەدرید. لە دانانی ئەم داتابەیسە، ئەم گرووپە ئامانجییان گەشەپێدانی چالاکی زانستی، ئەکادیمی و توێژینەوەیە لە ناو تۆڕەکانی ئینتەرنێت، بۆ ئەوەی زانیاری و توێژینەوەکان بۆ هەمووان بەردەست بن و هەمووان بە ئاسانی دەستییان پێبگات، ئەمەش هاوسەنگی و شەفافیەت دروست دەکات و چیتر زانست و مەعریفە قۆرخ ناکرێت لەلایەن خەڵکی دەستەبژێر و خاوەن دەسەڵات. گرووپەكە لە ساڵی ٢٠٠٤ ەوە دەستییان بە کارکردن کردووە و ئێستا ساڵانە دوو جار ڕیزبەندیی زانکۆکان ڕادەگەیەنن. تائێستا زیاتر لە (٣٠٠٠) زانکۆ لەناو ئەم ڕیزبەندییە هەن. وشەی (وێبۆمێتریکس) یەکەمجار لە ساڵی ١٩٩٧ لەلایەن ئالمیند و ئینگوێرسنەوە بەکارهێنراوە بە مانای پێوانی زانیاری ناو تۆڕی ئینتەرنێت لە ڕووی قورسایی، مانا و بەهای دۆکیۆمێنت و زانیارییەکان.

بۆ ڕیزبەندی زانكۆكان، ئەم سیستەمە پشت بە چوار جۆر شیکردنەوە دەبەستێت:-

1.     شیکردنەوەی ناوەڕۆکی وێبسایتەکان لەو فایل و دۆکیۆمێنتانەی کە تێیدان.

2.     شیکردنەوەی پێکهاتەی لینک و هایپەر تێکستە بەکارهاتووەکان.

3.     شیکردنەوەی بەکارهێنانی بەکاربەرەکان لەو کەسانەی سەردانی وێبسایتەکە دەکەن.

4.     شیکردنەوەی تەکنۆلۆژیای بەکارهاتوو لە ئینتەرنێت و ئەو ئامێرانەی بەکارهێنراون.

یەکەمین سیستەمی ڕیزبەندی پۆلینکردنی کارنیگی (Carnegie Classification) بووە، کە لە ساڵی ١٩٧٣ دانراوە، هەموو ئەوانیتر لە سەدەی بیست و یەکەم دەستییان پێکردووە. چەندین جۆری ڕیزبەندی زانکۆکان لە جیهان هەیە کە لەلایەن دەزگا و رێکخراوی جیاجیاوە ئەنجام دەدرێن، لەوانە کواکوارێلی سایمۆندس (QS)، تایمس هایەر ئێدوکەیشن، شانگهای و چەندانی دیكە، بەڵام ئێمە لێرە تەنها باسی ڕیزبەندی وێبۆمێتریکس دەکەین، چونکە ئەم ڕیزبەندییە ئاسانتر، دەستەبەرتر و هەرزانترە، بۆیە زانکۆکانی وڵاتانی تازەپێگەیشتوو، ئەو وڵاتانەی پێیان دەگوترێت جیهانی سێیەم، بە عێراق و کوردستانیشەوە بە ئاسانتر دەستییان پێی دەگات و تێیدا وەردەگیرێن.

ڕیزبەندی وێبۆمێتریکس ڕیزبەندییەکی ئۆنڵاینە و بە تەواوی پشت بە داتای دیجیتاڵی ناو ئینتەرنێت دەبەستێت، بەشێوەیەکی سەرەکی داتای زانکۆکان لە ڕێگەی وێبسایت و گووگڵ و ئەپڵیکەیشنەکانی تری بەردەست لە تۆڕی ئینتەرنێت بەدەستدەهێنێت. لەبەرئەوەی ئەمڕۆ ئینتەرنێت سەرچاوەیەکی سەرەکی زانیاری و داتایە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت لە زانکۆکان، وەکو دەزگای ئەکادیمی پێشکەوتووی سەردەم، هەموو داتاکانیان بەشێوەیەکی ئۆنڵاین بەردەستبێت، هەروەها ئەمڕۆ بۆ خوێندن و فێربوون، سەرچاوە و کەناڵە  ئۆنڵاینەکان بە باشترین و هەرزانترین هۆکار دادەنرێن، نەک تەنها بۆ فێربوون، بەڵکو بۆ گەیاندن و گواستنەوەی زانیارییش، هەر لەبەرئەوەشە هەر زانکۆیەک وێبسایتی هەبێت و چالاکی و داتاکانی بەشێوەی ئۆنڵاین بەردەستبێت، دەتوانێت بچێتە ناو ئەم ڕیزبەندییەوە.

دامەزرێنەرانی ئەم سیستەمە پێیانوایە هەر زانکۆیەک ئامادەبوونێکی بەهێزی ئۆنڵاینی هەبێت، واتە ژێرخانێکی ئەلیکترۆنی و دیجیتاڵی باشی هەبێت، لە هێڵی ئینتەرنێت و کادری پسپۆڕی بواری تەکنۆلۆژیای پەیوەندیکردن و گەیاندن، لەلایەن ستافی وانەبێژان و فێرخوازانەوە سوودی لێ وەربگیرێت، ئەوا ئەم زانکۆیە دەتوانێت لەم ڕیزبەندییە پلەی بەرز بەدەستبهێنێت، ئەگەر پلەی بەرزیش بەدەستبهێنێت مانای وایە ژێرخانە تەکنۆلۆژییەکەی بەهێزە، کەواتە دەتوانێت سوود بە ستاف و فێرخواز و کۆمەڵگەش بگەیەنێت.

ئەم ڕیزبەندییە سیستەمێکی نێودەوڵەتییە، واتە بەشێکی زۆری زانکۆکانی وڵاتانی جیاجیای تێدایە، لە هەموو کیشوەرەکانی جیهان، لە ئەمریکا، ئەوروپا، ئاسیا و ئەفریقیا. لایەنێکی دیكەی گرنگتری ڕاست و دروستی ئەم ڕیزبەندییە ئەوەیە، کە ساڵانە زانکۆ بەناوبانگەکانی وڵاتانی پێشکەوتوو لە ریزی پێشەوەی ئەم ڕیزبەندییەن. لەوانەیە ئەگەر زانکۆکانی وڵاتانی تازەپێگەیشتوو یاخود وڵاتانی دەوڵەمەندی وەکو کەنداو لە پێشەوەبان، ئەوا جێگەی پرسیار بوایە. ڕیزبەندی زانکۆکان بەگوێرەی داتای چەند ساڵی كۆتایی، بەپێی ناوچە جوگرافییەکان بەم شێوەی خوارەوەیە:-

یەکەم: بەشێک لە زانکۆکانی ئەمریکا و کەنەدا.

دووەم: بەشێک لە زانکۆکانی ئەوروپا.

سێیەم: ئیسرائیل و تورکیا.

چوارەم: ئەوروپای خۆرهەڵات.

پێنجەم: باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا.

شەشەم: کیشوەری هیندی.

حەفتەم: جیهانی عەرەبی.

هەشتەم: کیشوەری ئەفریقیا.

نۆیەم: ئەمریکای لاتین.

جگە لەمەش، ئەگەر سەیری زانکۆ بەناوبانگەکانی جیهان بکەین دەبینین زانکۆکانی وەکو هارڤەرد، ئۆکسفۆرد، ستانفۆرد و ئینستیتوتی مەساچێستەس بۆ تەکنۆلۆژی لە پێشی پێشەوەی زانکۆکانن. ئەم پۆڵینکردنە زادەی ئەم نووسینەیە و پشتی بە داتاکانی چەند ساڵی ڕابردووی ڕیزبەندی وێبۆمێتریکس بەستووە، لەوانەیە لێرە و لەوێ زانکۆیەک ئەم پۆلینکردنە بشکێنێت و بەپێش زانکۆکانی ناوچەکەی خۆی و کیشوەرەکەی خۆشی کەوتبێت، پێموایە ئەمە شتێکی ئاساییە، بەڵام پێمانوایە 90%ـی پۆلینەکە ڕاست و دروستە.

ڕیزبەندی وێبۆمێتریکس بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو یاخود وڵاتانی جیهانی سێیەم دەرفەتێكی زۆر باشە بۆ ئەوەی بتوانن بێنە ناو کێبڕکێی زانکۆکانی جیهان، چونکە وەکو باسمان کرد ئاسانتر، دەستەبەرتر و هەرزانترە. ڕیزبەندییەکانی دیكە، بۆ نموونە وەکو ڕیزبەندی شانگهای داواکارییەکانی گەلێک زۆرن و لەوانەیە هەموو زانکۆیەک نەتوانێت دەستەبەریان بکات. جگە لەمەش ئەم وڵاتانە سیستەمێکی کوالێتی کۆنتڕۆڵی بەهێز و شەفافییان نییە تا چاودێری زانکۆکان بکەن، کار و ئەدای زانکۆکان و کارگێڕ و ستافی ئەم زانکۆیانە هەڵبسەنگێنن، یان ڕیزبەندییەکی نیشتمانی تایبەت بە وڵاتەکەیان هەبێت. لەلایەکی دیكەوە دەستوەردانی سیاسی، گەندەڵی و خزمخزمێنە ڕێگر دەبن لە بەردەم هەڵسەنگاندن و دانانی پێوەری زانستی و ئاکادیمی، بۆیە ڕیزبەندی وێبۆمیتریکس ئەم کاری هەڵسەنگاندن و ڕیزبەندییە بەخۆڕایی و بێ دەستێوەردانی ئەم و ئەو دەکات.

ئەم ڕیزبەندییەش بێ کەموکوڕی نییە، هەندێك کەس پێیانوایە لەبەرئەوەی ڕیزبەندی وێبۆمێتریکس تەنها پشت بە داتای ئۆنڵاین دەبەستێت و بەشێوەیەکی مەیدانی سەردانی زانکۆکان ناکات، بۆیە هەڵسەنگاندنەکەی زۆر ورد نییە، چونکە لەوانەیە زانکۆ هەبێت باڵەخانە، سپەیسی تاقیگە، باخچە، هۆڵی وەرزش و کتێبخانەی زۆر باشی هەبێت، بەڵام بەشێوەی ئۆنڵاین دیارنەبێت، یان لەوانەیە زۆربەی دەرچووانی هەندێك زانکۆ پاش دەرچوون کاری باشیان دەستکەوێت، بەڵام ئەم ڕیزبەندییە حیساب بۆ ئەمە نەکات. لەلایەکی دیكەوە لەوانەیە هەندێك زانکۆ داتای نادروست داخیل بکەن، بەهۆیەوە ڕیزبەندییەکەیان بەرزبێتەوە. ئەمانە لەوانەیە بەشێکیان ڕاست بن، بەڵام ڕیزبەندی وێبۆمێتریکس ساڵ لە دوای ساڵ هەوڵدەدات بەسەر کەموکوڕییەکان زاڵبێت و کێشەکان چارەسەر بکەن، هەر بۆ نموونە بۆ ڕێگەگرتن لە سایتێیشنی ساختە، لەم ساڵانەی دوایی، وێبۆمێتریکس دە ئەکاونتی یەکەمی گووگڵ سکۆلەری ستافی هەر زانکۆیەک ئەژمار ناکات، چونکە بەپێی بەدواداچوونێک بۆیان دەرکەوتووە زۆربەی ساختەکارییەکان لە دە ئەکاونتی یەکەم بوون.

لێرەوە پێموایە ئەم ڕیزبەندییە پێوەرێکی باشە بۆ هەڵسەنگاندنی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، دەکرێت لەمەودوا ئەم زانکۆیانە هەوڵبدەن کار بکەن بۆ ئەوەی ژێرخانێکی ئەلیکترۆنی بەهێز بۆخۆیان دروست بکەن، چالاکییەکانیان هەمووی بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی تۆمار بکەن و هەموو داتا و زانیارییەکانیان بەشێوەیەکی ئۆنڵاین بخەنە بەردەست، چونکە ئەمە نەک تەنها بۆ ڕیزبەندییەکە، بەڵکو بۆ ستافی وانەبێژان و فێرخوازان و کۆمەڵگەش سوودی دەبێت. لەلایەكی دیكەوە هەوڵبدەن مامۆستای نێودەوڵەتی زیاد بکەن و ئاسانکاری بۆ وەرگرتنی قوتابی وڵاتانی دیكە بکەن، چونکە ڕەهەندی بەنێودەوڵەتیبوون یەکێکی ترە لە پێوەرەکانی ئەم ڕیزبەندییە، جگە لەمەش لەم سەردەمەدا زانکۆكان چیتر دەزگای لۆکاڵ و ناوچەیی نین، بەڵکو زانکۆ دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتییە و کاریگەرییەکی زۆری هەیە لەسەر تێکەڵبوونی کەلتوورەکان و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی جیاجیای وڵاتانی دیكە، هەروەها زۆر گرنگە کە توێژینەوەی مامۆستایان  بە شێوەی ئۆنڵاین و زمانی ئینگلیزیش بەردەست بێت، بۆ ئەوەی زانکۆکان و مامۆستایان ئامادەبوونێکی جیهانییان هەبێت و چیتر توێژینەوەکان و نامەکانی ماستەر و دکتۆرا لە دووتوێی گۆڤار و کتێبەکان و لەسەر ڕەفەی کتێبخانەکان نەمێننەوە، بەڵکو بگەن بە دەستی زۆرترین ژمارەی خوێنەران، ئەمە سوودێکی دیكەشی دەبێت کە زمان، کەلتوور و کێشەی کورد و کوردستان زیاتر دەناسێنێت و وا دەکات توێژەرانی بیانیش بێن دیراسەی لایەنە جیاوازەکانی ژیان و ژیاری کورد و کوردستانییان بکەن و ئاشنا بن بە کەلتوور و کۆمەڵگەی کوردستانی.

ئاستی هەندێک لە زانکۆکانی کوردستان لەوانەیە تاڕادەیەک باش بێت، بەڵام نەیانتوانیوە ئەم ئاستەی خۆیان نیشان بدەن، چونکە بەشێکی زۆری کار و چالاکی و توێژینەوەکانیان بە دۆکیۆمێنت نەکردووە، یان ئەگەر کردبیشیان، ئەوا بە ئەلیکترۆنییان نەکردووە. ئەگەر ڕووپێوییەک بۆ مامۆستایانی زانکۆکانی کوردستان بکرێت، دەبینین بەشێکیان هەر ناسنامەی ئەلیکترۆنییان نییە، مەبەست لەم ناسنامەیە نفوس نییە، بەڵکو مەبەست لە بوونی کەسایەتییەکی مەعنەوی دیجیتاڵی ئۆنڵاینە. بەشێک لەم مامۆستایانە لەوانەیە واڵەکانی (Account) وەکو ریسێرچ گەیت (Research gate)، گووگڵ سکۆلەر (Google Scholar)، ئەکادیمیا (Academia.edu)، لینکیدئین (LinkedIn)، ئۆرسید (ORCID) و هتاد، هەر نەبێت یان ئەگەر هەشیانبێت ئەکتیڤ نین و بەرهەمەکانیان لێ دانەناوە یان لێوەرگرتنیان (Citation) نییە و کەس سوود لە کارەکانیان نابینێت. 

لە کۆتاییدا بۆ ئەوەی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بکەونە خۆیان و دەست بە پێشبڕکێ بکەن، تا بتوانن بچنە سەر نەخشەی ئەکادیمیای جیهان، دەکرێت حکومەت و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە مەرج  بودجە بدەن بە زانکۆکان و یارمەتییان بدەن، بەشێکی پشت بەم ڕیزبەندییە و ڕیزبەندییەکانی دیكەش ببەستن، ئەمەش دەبێتە هۆی هاندانێکی باش و دروستکردنی کێبڕکێ، کاری زانستی، ئەکادیمی و بە ئەلیکترۆنیکردنی زانکۆکانیش خێراتر دەکات.