کەموکوڕییەکانی پەیکەری تەحسین تەها لەژێر پەردە دەشاردرێنەوە

داوای نۆژەنکردنەوە و گواستنەوەی پەیکەری هونەرمەند تەحسین تەها دەکرێت

K24 - دهۆک

پەیکەری هونەرمەند تەحسین تەها، لە قەزای ئامێدی لە سنووری پارێزگای دهۆک پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەیە و نزیکەی ساڵەکیشە ئەو پەیکەرە بە پەردەوە داپۆشراوە، هونەرمەند و رۆشنبیرانی ئامێدی، رەخنەیان لەسەر شێوەی پەیکەرەکە هەیە و داوا دەکەن پەیکەری ئەو هونەرمەندە مەزنە جگە لە نۆژەنکردنەوەی بگوازرێتەوە شوێنێکی دیکە.

خالید خەیات، یەکێکە لە نووسەرانی دەڤەری ئامێدی بە کوردستان24ی گوت: "لە راستیدا ئەو پەیکەرە شێوەی تەحسین تەها نادات و لە روخساری ئەو ناچێت، هەروەها پەیکەرەکە زۆر بێسەروبەر دروستکراوە، دوای ماوەیەکی کەم تێکچوو، بە ناچاری بە پەردە داپۆشراوە، بۆ ئەوەی عەیبەکانی بشارنەوە".

هەر لە سەرەتای دروستکردن و دانانی پەیکەری هونەرمەند تەحسین تەها، رەخنە و گلەیی لە شێوەی پەیکەرەکە و شوێنی دانانی هەیە.

شەریف ئامێدی، بەرپرسی سەنتەری رۆشنبیری ئامێدی بۆ کوردستان24 گوتی: "ئێمە لە نە شوێنی دانانی پەیکەرەکە رازین نە دروستکردنی، ئەگەر نۆژەنیش بکرێتەوە ئەو پەیکەرە شێوەی لە تەحسین تەها ناچێت، لە سەرەتای دانانی پەیکەرەکە رەخنەمان لەسەری هەبووە".

پەیکەری تەحسین تەها لە ساڵی 2011ـەوە لە دەڤەری ئامێدی دانراوە، ساڵانە نۆژەن دەکرایەوە، بەڵام ماوەی ساڵێکە بە پەردە داپۆشراوە.

حەسەن فەتاح، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری دهۆک دەڵێ: "بەداخەوە پەیکەری هونەرمەند تەحسین تەها شکێنراوە و شێوێندراوە، وەک بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری دهۆک پلانمان دایە ئەمساڵ یان نۆژەن بکرێتەوە، ئەگەر پێویست بکات لە جارێکی دیکە دروستبکرێتەوە".

هونەرمەند تەحسین تەها، لە ساڵی 1941 لە ئامێدی لە دایکبووە و لە ساڵی 1995 کۆچی دوایی کردووە، یەکێک بوو لە هونەرمەندە دیارەکانی کوردستان، دیان گۆرانی بۆ ئەڤینداری و کورد و کوردستان گوتووە، بەرهەمە هونەرییەکانی تائێستاش بە زیندویی ماونەتەوە.