کۆمپانیایەکی هونەریی فلیمسازی كوردی بەریتانی خەڵات دەکرێت

كۆمپانیاكه‌ خاوه‌نی فیلمی "پێشمه‌رگه‌"یه‌ و تا ئێستا 14 خه‌ڵاتی به‌ده‌ستهناوه‌
كۆمپانیای كام فیلمینگ پرۆدۆكشن له‌لایه‌ن پارێزگاری لیدز خه‌ڵات كرا
كۆمپانیای كام فیلمینگ پرۆدۆكشن له‌لایه‌ن پارێزگاری لیدز خه‌ڵات كرا

K24 – ئەوروپا:

ئەزغەر خان، پارێزگاری لیدز بەریتانیا، خەڵاتی رێزلێنانی بەخشییە یەكەم كۆمپانیای ھونەری كوردی بەریتانی، بەناویی  كۆمپانیای كام فیملینیگ پرۆدۆكشن.

كامەران كەریم، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری کۆمپانیای کام فیلمینگ پرۆدەکشن بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەزغەر خان، پارێزگاری لیدز لە دیوانی مێژوویی شارەكە، پێشوازی لە میدیاكار و کارمەندانی کۆمپانیاکە کرد و لە وتەیەكدا جگە لە دەستخۆشی بۆ کار و بەرهەمەکانیان، پشتیوانیی خۆیشی بۆ ئەو كۆمپانیا كوردییە بەریتانیە دووپاتكرده‌وه‌، لە پێناو نزیككردنەوەی رەوەندی كوردی لەگەڵ تەواوی رەوه‌ندەكانی دیكەی ئه‌و وڵاته‌.

پارێزگاری لیدز لەكاتی پێشوازیكردنی لە میدیاكاران و کارمەندانی كام فیمڵمینگ پرۆدەكشن، بەش و هۆڵ و شوێنە مێژووییەكانی دیوانی پارێزگای پیشانی ئامادەبووان دا و باسی لە رۆڵی دانیشتووانی شارەكە كرد، کە رۆڵێكی گەورەیان هەبووە لە بەرز راگرتن و هێشتنەوەی بەریتانیا وەك وڵاتێكی مەزن.

كامه‌ران كەریم گوتی: پارێزگاری لیدز باسی لە گرنگی رەوەندی كوردی لە بەریتانیا كرد و ئاماژەی بە سەركەوتن و كارەكانی كام فیلمینگ پڕۆدەكشن كرد، كە بە توانایەكی كەم توانیویانە پەرە بە كاری میدیایەكەیان بدەن.

گوتیشی: ئەو خەڵاتکردنە جێی خۆشحاڵییە و لەهەمانکاتدا هاندانێکیشە بۆ کار و بەرهەمی باشتر، مرۆڤ کاتێک خەڵاتدەکرێت هەموو ماندووبوون و کێشەکانی بەردەم بەرهەمهێنانی کارەکان لەیاد دەکات و هەستدەکات کارەکان گەیشتوونەتە جێی مەبەست، ئێمەش سوپاس و پێزانینی خۆمان گەیاندە پارێزگاری لیدز بۆ ئەو بانگهێشتکردن و بەخشینی خەڵاتی رێزلێنانە و پشتگیرییەی بۆ کۆمپانیاکەمانی ده‌ربڕیوه‌.

پارێزگاری لیدز
ئەزغەر خان، پارێزگاری لیدز پارێزگاری لیدز لە دیوانی مێژوویی شارەكە، پێشوازی لە كامەران كەریم، دامەزرێنەری کۆمپانیای کام فیلمینگ پرۆدەکشن كرد

كۆمپانیای كامفیلمینگ پرۆدۆكشن ساڵی 2014 وەك كۆمپانیاییەكی هونەری كوردی بەریتانیایی لە حكومەتی شانشینی یەكگرتووی بەریتانیا مۆڵەتی فەرمی و كاركردنی وەرگرتووە. لەو کاتەی دەست بەکاربووە، دەیان ریكلامی بازرگانی بە كوالیتی بەرز لە ئاستی كۆمپانیا جیهانییەكان لەگەڵ دەیان بەرنامەی دۆكیۆمێنتاری و بەرنامەی تەلەفزیۆنی بە زمانە جیاوازەكان  بەرهەمهێناوە.

بەشێك لە بەرهەمەكانی لە ڤیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەكان خەڵاتی جیاوازی وەرگرتووە و لە دەیان ڤیستیڤاڵیش وەك بەرهەمەیێکی تاقانەی كوردستانی دەركەوتووە، كە دیارترین بەرهەمی كام فیلمینگ پرۆدەكشن ''پێشمەرگە''یە لە بەریتانیا بەزمانی ئینگلیزی بووە و بەشداری زیاتر لە 30 ڤیستیڤاڵی جیهانی كردووە، 14 خەڵاتی بەدەستهێناوە، هەروەها بەرهەمی ''لە یادمان مەكە'' بە زمانی ئینگلیزی بەرهەمهێنراوە و لە 38 ڤیستیڤاڵی جیهانی بەشداریکردووە و 16 خەڵاتی بەدەستهێناوە.