لە هەولێر رێز لە هونەرمەند شەهرام نازری دەگیرێت

"کوردانە شانازی بە هونەر و گۆرانی و موزیکی نەتەوەکەیەوە دەکات"

K24 - هەولێر:

لە شاری هەولێر، لەژێر دروشمی (نازری، سۆزێک لە تەمیرە و داستانێک لە شانامە) مەراسیمی رێزلێنان بۆ هونەرمەندی رۆژهەڵاتی کوردستان، شەهرام نازری بەڕێوەچوو، کە تێیدا چەندین خەڵات و دیاری پێشکەشی شەهرامی نازری کرا و دیارترینیشیان خەڵاتی رێزلێنانی وەزارەتی رۆشنبیری بوو.

حەمەی حەمە سەعید، وەزیری رۆشنبیری لە مەراسیمەکەدا لەبارەی ئەو هونەرمەندەوە گوتی: "شەهرام نازری بەهۆی ئەوەی لە خێزانێکی ئەدەب دۆست و هونەر دۆست چاوی بە ژیان هەڵهێناوە، هەر لە منداڵیەوە تێكەڵاوی دونیای هونەر و گۆرانی و ئەدەب بووە. لە تەمەنی حەوت ساڵیدا لە رادیۆی کرماشان گۆرانی بۆ تۆمار کراوە و دواتریش لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنیدا، بەتەواوی ئاوێزانی دونیای هونەر و گۆرانی بووە."

حەمەی حەمە سەعید باسی لەوەش کرد، نازری وەک کوردێکی رەسەن، کوردانە شانازی بە هونەر و گۆرانی و موزیکی نەتەوەکەیەوە دەکات، لەگەڵ ئەو هەموو شارەزاییەی لەم بوارەدا هەیەتی، وتوویەتی "زۆربەی موزیکی گەلان گۆڕانکاری زۆریان بەسەردا هاتووە، بەڵام موزیکی کورد بە جوانی و بەبێ دەستکاری ماوەتەوە."

جگە لە گوڵبارانکردنی لەلایەن هەوادارانیەوە و پێدانی خەڵاتی رێزلێنانی وەزارەتی رۆشنبیری، شەهرام نازری لەلایەن سەندیکای هونەرمەندانی کوردستانەوە، خەڵاتی زێڕینی پێشکەش کرا، لە کۆتاییشدا شەهرام نازری گۆرانیەکی خۆی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.