هۆشداری لەبارەی دۆخی قەیراناوی ئێران دەدرێت

ڤۆلکێر تورک، کۆمیساریاری باڵای مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان
ڤۆلکێر تورک، کۆمیساریاری باڵای مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان

K24 – هەولێر

کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی سەر بە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، لەبارەی "قەیراناوی"ـبوونی دۆخی ئێران هۆشداری دا.

ڤۆلکێر تورک، کۆمیساریاری باڵای مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، هۆی دۆخی قەیراناوی ئێرانی بۆ زیاتربوونی ژمارەی کوژراوان لە ناو خۆپێشاندەراندا و رووبەڕووبوونەوەی توندی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ خۆپێشاندەران گەڕاندەوە.

ڤۆلکێر تورک، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی لە سویسرا، گوتی: کاردانەوەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەرامبەر بە خۆپێشاندەران توندتر بووە و هەر وەک دەبینین لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا زیاتر لە 400 کەس کوژراون.

بڕیارە ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان رۆژی 24ـی تشرینی دووەم، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەبارەی "دۆخی خراپی مافی مرۆڤ لە ئێران" بکات.