وردەکاریی رێکەوتنی بازرگانیی ئێران و عێراق؛ بەرزکردنەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بۆ ٢٠ ملیار دۆلار

ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران پێشوازی لە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات
ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران پێشوازی لە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات

K24 – هەولێر

شاندی باڵای حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران محەمەد شیاع سوودانی لەسەر نۆ تەوەر، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران گفتوگۆیان کردووە. هەردوو لایەن لە دۆسیەی ئابووریدا رێککەوتوون کە ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان دوو وڵات بۆ ٢٠ ملیار دۆلار لە ساڵێکدا بەرزبکەنەوە.

یەحیا ئالئیسحاق، سەرۆکی ژووری هاوبەشی ئێران و عێراق لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاژانسی دەنگوباسی (ئیلنا) باسی لە ناوەڕۆک و ئەنجامی کۆبوونەوەکانی ئەمدواییەی حکومەتەکانی بەغدا و تارانی کردووە.

بە پێی زانیارییەکانی ئالیسحاق، هەر دوو شاند لەبارەی نۆ تەوەر (شەش تەوەری سیاسی و ئەمنی و سێ تەوەری ئابووری و بازرگانی) دانوستانیان کردووە.

ئەو، لەبارەی هەناردەکردنی گازی ئێران بۆ عێراق گوتی: رێککەوتن لەبارەی رێژە و چۆنییەتی هەناردەکردنی گاز و شێوەی پارەدانەکەی و هاوکاری لە کێڵگەی گازییە هاوبەشەکانی عێراق و ئێراندا، کرا.

پێشنیار لەبارەی هاوکاریی لە بوارەکانی پیشەسازی، ترانزیت، گەرەنتی بانکی و بواری بازرگانی خراونەتەڕوو و بەغدا و تاران بڕیاریاندا لەلایەن لیژنەکانەوە بەدواداچوونی بۆ بکرێت.

ئالیسحاق دەڵێت: بەغدا و تاران لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بۆ ٢٠ ملیار دۆلار لە ساڵێکدا، رێککەوتن و پێموایە ئەمەش کارێکی ئەستەم نییە.

هەروەها گوتی: شێوەی ئامادەیی و چالاکی کۆمپانیا ئێرانییەکان لە عێراق، یەک لە کێشەکانی بواری هەناردەکردنی خزمەتگوزاری تەکنیکی و ئەندازیارییە بۆ عێراق. هەروەها بەو هۆیەوە کە گەرەنتی بانکەکانی ئێران لە عێراق دانپێدراو نییە، پێشنیارکرا وەزارەتی ئابووریی ئێران گەرەنتی بە کۆمپانیا عێراقییەکان بدات و ئەمە لەلایەن عێراقییەکانەوە پەسندکرا.

لە کۆبوونەوەکاندا، بەغدا و تاران رێککەوتوون بە مەبەستی چارەکردنی پرسە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوانیان، ئەنجوومەنی باڵای پەیوەندی ئابووری بە سەرۆکایەتی جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران و سەرۆکوەزیرانی عێراق پێکبێت. هەروەها کۆمیسیۆنی هاوبەشی نێوان دوو وڵات لەلایەن ئیحسان خاندووزی، وەزیری ئابووریی ئێرانەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و بڕیاردرا کۆمیسیۆنەکە هەر شەش مانگ جارێک، کۆببێتەوە.