ئێران: ئاڵوگۆڕی پەیام لە نێوان تاران و واشنتن بەردەوامە
K24 – ههولێر:
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگهیاند، ئاڵوگۆڕی پەیام لە نێوان ئێران و ئەمریکادا بەردەوامە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ناسر كهنعانی رایگەیاند، کۆتاییهاتنی دانوستانەکانی زیندووکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی و بەڕێوەنەچوونی کۆبوونەوەی فەرمی لە نێوان لایەنەکاندا بە مانای کۆتاییهاتنی پەیوەندی و هەوڵەکان بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی نییە و ئاڵوگۆڕی پەیام لە نێوان ئێران و ئەمریکادا، لە چەندین رێگاوە هەر بەردەوامە.
كهنعانی گوتیشی: ئاڵوگۆڕی پەیامەکان لە کهناڵی جۆراوجۆرەوە بەردەوامە. بابەتی ئەتۆمی تەنیا کێشەی کۆماری ئیسلامیی ئێران نییە. وەک بەم دواییانە گوتەبێژی یەکێتیی ئەوروپاش رایگەیاندووە، بەڕێز بۆرێل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لەم پەیوەندییەدا لەگەڵ هەموو لایەنەکان و بە تایبەت لەگەڵ ئێران و ئەمریکا لە پەیوەندیدایە و لەم رێگایەوە ئاڵوگۆڕی پەیامەکان بەردەوامن. هەروەها ئاڵوگۆڕی پەیام لە رێگای دیکەشەوە هەر بەردەوامە. بەڕێوەنەچوونی کۆبوونەوەی فەرمیی دانوستانەکان بە مانای نەبوونی پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی پەیام و روانگەکان نییە.