جوتیار عادل: بەمزووانە شاندێكی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات

K24 - هەولێر:

جوتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، ئاشکرایکرد، لە ئایندەیەکی نزیکدا شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات، بەمەبەستی بەردوامیدان بە گفتگۆکان.

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەردەوابوونی گفتوگۆکان، بابەتی مووچەی فەرمانبەران و دابینکردنی شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانە.

سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بۆ بەیاسایی ناساندنی ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، جوتیار عادل گوتی: خودی پێكھاتەی دادگای فیدراڵی نادەستوورییە و بڕیارەکەشی جێگای قبوڵکردن نییە و پێویستە دادگا لە ململانێ سیاسییەکاندا بێلایەن بێت.

جوتیار عادل راشیگەیاند، قەرەبووکردنەوەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی شاندی حکومەتی هەرێم و بەغدا دەبێت.

لەبارەی دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، جوتیار عادل روونیکردەوە، تا دوێنێ زیاتر لە 64 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دابەشکراوە و ئەو دوو ملیۆن لیترەی لە بەغداوە هاتووە، ئەمڕۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەست بە دابەشکردنی دەکات، گوتیشی: هەندێک دامودەزگای خێرخوازیش هەیە کە هەوڵ دەدەن دەستپێشخەری بکەن، بەڵام ئەمە بە هیچ پەیوەندی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقەوە نییە