پێرفۆرمانسی ڤیدیۆیی "دەرگایەک لە لم"

K24 - هەولێر

پڕۆژەیەکی ڤیدیۆیی نوێی  لابۆری شانۆی لالشە کۆنسێپت، ڤیدیۆ و کاری تەکنیکی و دەنگ، د. نیگار حەسیب قەرەداغی.

ماوەیەکە شانۆکاری کوردی جیهانی، د. نیگار حەسیب قەرەداغی سەرقاڵی ئاشنابوونە بە چیرۆکی پشت دەرگا کۆنەکان و چیرۆکی بەردەم دەرگەی باڵەخانەکانی شاری ڤییەننا، سەرقاڵی گەڕانە بە دوای خەم و شەوقی مرۆڤە نەناسراو و بێ روخسارەکاندا، دەگەڕێ بە دوای ژین و مەرگ و رک و کینە و خۆشەویستی و تەنهاییان.  ئەو دەرگایانەی کە لە بەردەمیاندا تابلۆیەک لەسەر زەوییەکەیان دانراوەو ناوی ئەو کەسانەی لەسەر نوسراوە کە لەو باڵەخانەیەدا ژیاون و لەسەردەستی نازیەکان لە ساڵانی دووەمین جەنگی جیهانیدا لە کەمپ و ئۆردوگا زۆرەملێکانی هیتلەردا لەناوبراون. چەندین تابلۆ ناوی سەرجەم ئەندامانی خێزانێکیان لەسەر نوسراوە.

لە پشت ئەم دەرگایانەوە ژیان بەردەوامە، وەرزەکانی ساڵ لە گۆڕاندان، ئەگەر گەردەلوولێکی لماویش هەڵکات ناتوانێ چیرۆکەکانی پێش دەرگە و پشتی دەرگاکان بسڕێتەوەو دابپۆشێ، ئەو چیرۆکانە بەزیندوویی لە سوچێکی بیرەوەری و یادەوەری و لە ئەرشیفی مێژوودا پاریزراون و ماون .

زمانی تێکستی گۆرانیەکەی ئەم پێرفۆرمانسە، زمانی کۆنی سۆمەری – ئەکەدییە و لە داستانی گلگامێشەوە وەرگیراوە.

هونەرمەند نیگار حەسیب قەرەداغی لەبارەی ئەم بەرهەمە هونەرییەوە دەڵێت : "گەڕان بەدوای ئەو دەرگایانە و هەڵبژاردنیان و وێنەگرتریان کارێکی ئاسان نەبوو، بەتایبەتی کە لەو جۆرە دەرگا کۆنانە لە شاری ڤییەنادا زۆرن. بۆیە هەوڵم دا تەنها ئەو دەرگایانە هەڵبژێرم کە رەنگی تایبەت و زەقیان هەیە، وەک سوور و شین و سەوز، هەروەها ئەو دەرگایانەی کە قفڵ کراون و چیدی وەکو دەروازەیەک بۆ چوونە ژوورەوەو هاتنەدەرەوە لێیان بەکارناهێنرێن، بەڵام هەر وەک خۆیان ماون و دەستیان بۆ نەبراوەو لانەبراون، هەندێکیان کە لە ئاسن دروستکراون، ژەنگیان هەڵهێناوە، ئەوانیتر کە لە تەختە دروستکراون، شەقیان بردووە، بەڵام هێشتا هەر بە پێوەن، دەیان چیرۆکی مەرگ و ژیانمان بۆ دەگێڕنەوە".