ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی سێ ساڵی په‌سه‌ندكرد

كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی | وێنه‌: نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق
كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی | وێنه‌: نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق

K24 - هه‌ولێر:

ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵانی 2023، 2024 و 2025ی په‌سه‌ندكرد و ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی عێراقی كرد.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (13ـی ئادار/مارسی 2023)، نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی ئه‌مڕۆیدا به‌ سه‌رۆكایه‌تی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵانی 2023، 2024 و 2025 په‌سه‌ند كرد و ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی عێراقی كرد. 

ئەم كۆبوونه‌وه‌یه‌ له‌ كاتێكدایه‌، دوێنێ یەکشەممە، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاندبوو، ئامادەکردنی رەشنووسی پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵیی بۆ ساڵی 2023 تەواوکراوە و ئاماژەی بەوەشدابوو، رەشنووسی پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی بەمەبەستی تاوتوێکردن و پەسەندکردنی، رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌ راگەیەندراوێکدا رایگەیاند:  "لە چوارچێوەی رێککەوتنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقی فیدراڵ ئەمڕۆ بڕی 400 ملیار دینار گەیشتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم".

دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌، جوتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاندبوو، هیچ گرفتێک لەبەردەم ناردنی ئەو 400 ملیار دینارە نەماوە و رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەیاساى نەوت و گازی فیدراڵی لە بەغدایە. کە گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ئەو پڕۆژەیاسایە کۆمەڵێک کێشە لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق چارەسەر دەکات".