سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان سەرکۆنەی تاوانەکەی جندرێس دەکات
K24 – هەولێر:
سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان سەرکۆنەی تاوانەکەی جندرێس دەکات و رایگەیەندووە، لە کاتێکدا ئەو تاوانە ئەنجامدراوە، کە ئەو هاووڵاتییانە خه‌ریكی پیاده‌كردنی سەرەتاییترین مافەکانیان بوون لە ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی ڕۆژی نەتەوەیی خۆیان.
ئەمڕۆ سێشەممە (21ـی ئادار/مارسی 2023)، سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بە توندی سه‌ركۆنه‌ی ئەو تاوانە قێزەونە دەکەین کە لە شارۆچکەی جندرێسی سەر بە شاری عەفرین دژ بە ژمارەیەک هاووڵاتی کورد ئەنجامدرا.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، " داوا له لایەنە پەیوەندیدارەکانى ئه‌و ناوچه‌یه‌ش ده‌كه‌ین هەموو هەوڵێکى خۆیان بخه‌نه گه‌ڕ بۆ دۆزینه‌وه‌ى ئەو تاوانبارانه‌ی كه ئەم تاوانە قێزەونەیان ئەنجامداوە و بە سزای یاسایی خۆیانیان بگەیه‌نن".
دەقی راگەیەندراوی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان:
بەتووندی سه‌ركۆنه‌ی ئەو تاوانە قێزەونە دەکەین کە ئێوارەی دوێنێ لە شارۆچکەی جندرێسی سەر بە شاری عەفرین لەلایەن چەند کەسێکەوە هێرش کرایە سەر ژماره‌یه‌ك هاووڵاتيی كورد كه بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە ئاهه‌نگیان ده‌گێڕا و بووه‌هۆى شەهیدبوونی چوار هاووڵاتیی خانەوادەیەکی کورد و برینداربوونی سێ کەسی دیکە، ئه‌مه‌ش له كاتێكدا کە ئه‌وان خه‌ریكی پیاده‌كردنی سەرەتاییترین مافەکانی خۆیان بوون لە ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی ڕۆژی نەتەوەیی خۆیان.
به‌م بۆنه خه‌مناكه‌وه، پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆمان ئاراسته‌ی خانه‌واده و بنەماڵەی قوربانییەکان دەکەین و هاوبه‌شی خەمیانین، هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین.
داوا له لایەنە پەیوەندیدارەکانى ئه‌و ناوچه‌یه‌ش ده‌كه‌ین هەموو هەوڵێکى خۆیان بخه‌نه گه‌ڕ بۆ دۆزینه‌وه‌ى ئەو تاوانبارانه‌ی كه ئەم تاوانە قێزەونەیان ئەنجامداوە و بە سزای یاسایی خۆیانیان بگەیه‌نن.
سەرۆکایه‌تیی په‌رله‌مانی کوردستان
21ـى ئادارى 2023