پەیامی هاوخەمی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەگەیەندرێتە کەسوکاری شەهیدانی جندرێس

کەسوکاری شەهیدانی جندرێس
کەسوکاری شەهیدانی جندرێس

K24 – هەولێر:

شاندێکی دەزگای خێرخوازی بارزانی پەیامی هاوخەمی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گەیاندە بنەماڵەی شەهیدانی جندرێس کە لەمیانی یادکردنەوەی نەورۆز لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداریدا کرانە ئامانج.

شاندەکەی دەزگای خێرخوازی بارزانی لەگەڵ دایک و ئەندامانی بنەماڵەی شەهیدەکان کۆبوونەوە و پەیامی هاوخەمی و سەرەخۆشی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان گەیاند و ئاماژەیان بەوەکرد، کە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لەدوای رووداوەکەوە بەدوداچوون بۆ ئەو دۆسیەیە و ئاشکراکردنی وردەکاری شەهیدکردنی ئەو چوار ‌هاووڵاتییەی جندرێس دەکات.

لەلایەن خۆیەوەم رەواج حاجی، بەرپرسی دۆسیەی باکوور و رۆژئاوای کوردستان لە دەزگای خێرخوازی بارزانی بە کەسوکاری قوربانییەکانی نەورۆزی جندرێسی راگەیاند، "لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هاتووینەتە خزمەتی ئێوە بۆ ئەوەی هاوبەشی خەمتانبین و دڵنەوایی و بەشێک لە ئازار و زەحمەتی ئێوە هەڵبگرین".

نزیکەی مانگێک بەسەر رووداوی شەهیدکردنی ئەو چوار هاووڵاتییە کوردەی شارۆچکەی جندرێسی سەر بە شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستان تێدەپەڕێت، بەڵام تاوەکو ئێستا فرمێسکی چاوی دایک و کەسوکاریان وشکنەبووە و داوادەکەن، بەرپرسانی ئەو تاوانە بە سزای خۆیان بگەیەندرێن و هەقی رۆڵەکانیان بەفیڕۆ نەچێت.

ئێوارەی رۆژی دووشەممە 20ـی ئاداری 2023، سەرچاوەیەک بە کوردستان24ـی راگەیاند،  لە شارۆچکەی جندرێسی رۆژئاوای کوردستان لەلایەن گرووپی 'ئەحرار شەرقییەوە' هێرشێکی چەکداری کرایە سەر ژمارەیەک هاووڵاتی کە ئاگری نەورۆزیان کردبووەوە و بەهۆیەوە چوار هاووڵاتی کورد شەهیدکران.

دوای رووداوەکەش، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانییەکان کرد و وێڕای دەربڕینی هاوخەمی، هیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکانیش خواست.

هەر لەو پەیامەدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بە توندترین شێوە، ئەم تاوانە سەرکۆنە دەکەین و داوا لە بەرپرسانی ناوچەکە دەکەین، لێپرسینەوەی پێویست بکەن و ئەنجامدەرانی تاوانەکە، بە سزای یاسایی خۆیان بگەیەنن".

ئێوارەی رۆژی سێشەممە (21ـی ئاداری 2023)، سەرچاوەیەک بە کوردستان24ی راگەیاند، سێ کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە تۆمەتی شەهیدکردنی چوار هاووڵاتییەکەی جندرێس دەستگیرکراون کە دانیشتووی پارێزگای دێرەزۆری رۆژئاوای کوردستانن و سەر بە گرووپی "ئەحرار شەرقییە"ـن و لە درێژەی لێکۆڵینەوەکانیش کە تاوەکو ئێستا بەردەوامە حەوت کەس وەک تۆمەتباری سەرەکی لەو رووداوە دەستگیرکراون بەڵام تاوەکو ئێستا دۆسیەکانیان یەکلایی نەکراوەتەوە بۆ بەسزاگەیاندنیان.