ئەمەریکا و یەکێتیی ئەوروپا مانۆڕی دەریایی هاوبەشیان دژ بە چین ئەنجامدا

K24 - هەولێر:

ئەمەریکا و یەکێتیی ئەوروپا لەسەر بنەمای ستراتیجییەکانی لایەنەکان لە ناوچەی هیند-پاسیفیک مانۆڕێکی دەریایی دوو رۆژەیان دژبە چین ئەنجامدا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند "وەک ئەوەی لە کۆبوونەوەی راوێژکاریی باڵای یەکێتیی ئەوروپا و ئەمەریکا لە دووی کانوونی دووەمی 2022 بڕیاری لەسەر درا لە رۆژانی 23 و 24ی ئاداری 2023 یەکێتیی ئەوروپا و ئەمەریکا مانۆڕێکی دەریایی هاوبەشیان ئەنجامدا".

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە کەشتی جەنگی ئەمریکی USS Paul Hamilton و کەشتیی ئیسپانی Reina Sofia لە ئۆپەراسیۆنی ئەتالانتای هێزی دەریایی یەکێتیی ئەوروپا و کەشتیی ئیتاڵی Carlo Bergamini بەشدارییان لە مانۆڕەکەدا کردووە، هەروەها مەشق و راهێنان بە مەبەستی باشترکردنی رێکارەکانی سەرکەوتنەسەر کەشتی و گەشتکردن و یەکخستنی کەشتییەکان لە مانۆڕەکەدا ئەنجامدراون.

لە راگەیەندراوەکەدا شوێنی بەڕێوەچوونی مانۆڕەکە نەخراوەتەڕوو و هاتووە: "ئەو مانۆڕە بەشێکە لە بەڵێنە هاوبەشەکانی یەکێتیی ئەوروپا و ئەمەریکا کە سەبارەت بە هاوکارییە دەریایییەکانیان دراوە. هەروەها مانۆڕەکە بە ئامانجی پاڵپشتیکردنی ناوچەی هیندستان-پاسیفیک، هاوتەریب لەگەڵ بەڵگەنامەکانی وەک ستراتیجیی هاوکاریی یەکێتیی ئەوروپا سەبارەت بە هیند-پاسیفیک و ستراتیجیی ئەمەریکا سەبارەت بە هیندستان-پاسیفیک ئەنجام دراوە. ئەمەریکا و یەکێتیی ئەوروپا دووپاتی دەکەنەوە کە زیاتر کاری هاوبەش و هەماهەنگی بۆ ئاسایشی دەریایی لە ناوچەی هیندستان-پاسیفیک دەکەن و هەوڵ دەدەن بۆ پاڵپشتیکردنی بەکارهێنانی دەریاکان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان".