میسال ئالوسی: دادگای فیدراڵی رەوایەتی بە هەمووشتێکی نادیموکراسی دەدات لە دژی هەرێمی کوردستان

میسال ئالوسی, سیاسەتمەدار.
میسال ئالوسی, سیاسەتمەدار.

K24 - هەولێر:

سیاسەتمەدارێکی عەرەب رایدەگەیەنێت، پەرلەمانی کوردستان پەرلەمانێکی یاسایی و دەستورەییە، لە ئەنجامی شۆڕش و خوێنی شەهیدان دروستبووە. هاوکات دەڵێت: "دادگای فیدراڵی رەوایەتی بە هەمووشتێکی نادیموکراسی دەدات لە دژی هەرێمی کوردستان".

میسال ئالوسی، سیاسەتمەدار، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەواڵەکانی کاتژمێر 23:00ـی کوردستان24، رایگەیاند، "خەمگینم کە دەبنینم هاووڵاتیەکی کوردی پشت دەبەستێت بە سیاسەتێکی نا کوردی و شکشتخواردوو لە بەغدا، هەروەها شکستخواردووەکانی بەغدا فەرمان بە هەرێمی کوردستان دەکەن".

هەروەها راشیگەیاند، "پەرلەمانی کوردستان لە ئەنجامی شۆڕش و خەبات و خوێنی شەهیدانی هەرێمی کوردستان دروستبووە، ناکرێت گومان لەسەر پەرلەمان دروستبکرێت لەرێگەی ژمارەیک لەو دادوەرانەی کە نزیک لە ئێرانن و ئەمەریکا ناڕەزایەتی هەیە لەسەریان، ئێمەش وەک سیاسەتمەدار رازی نین لێیان".

ئەو سیاسەتمەدارە، دەشڵێت: "دادگای فیدراڵی رەوایەتی بە هەمووشتێکی نادیموکراسی دەدات لە دژی هەرێمی کوردستان".

میسال ئالوسی، روونیکردەوە، دادگای فیدراڵی بە بڕیاری حکومەتی پێشووی عێراق، کە ئەیاد عەلاوی سەرۆکوەزیران بوو دروستکراوە، حکومەتی ئەوکات حکومەتێکی کاتیی بوو، ئەو کات دەستوری عێراقیش بوونی نەبوو، "بە واتەی ئەوەی دادگایەکی نا دەستورییە".

باسی لەوەشکرد، بڕیارەکانی دادگەی فیدرالی جێگای شەرمەزارییە. جەختی لەوەشکردەوە، هەرێمی کوردستان هەرێمێکی سەرکەوتووە، قوتابخانەکانی سەرکەوتووە، هەروەها زانکۆکانی و نەخۆشخانەکانیشی.

ئەو سیاسەتمەدارە، گوتیشی: "لە هەرێمی کوردستان دیموکراسیەت هەیە، کاری هاوبەش هەیە، بەڕاستی کوردستان بەهەشتی تێکۆشەرانە، لەهەمان کاتدا لەبەغدا دژایەتی هەرێمی کوردستان بەشێکە لە ئەنجێنداکانی شکشتخواردووەکان، ئەجێندای میلیشیاکان ئەوانەی کەوا موشەک و درۆن دەهاوێژن دژی هەرێمی کوردستان".

میسال ئالوسی، لە درێژەی قسەکانیدا، رایگەیاند، پێویستە پاڵپشتی سازان و رێککەوتن بکەین لە نێوان هەولێر بەغدا.

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌ 30ـی ئایاری 2023) له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاند، درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ساڵی پێنجه‌م به‌ نایاسایی بڕیاری له‌سه‌ردراوه‌ و رایگه‌یاند، هه‌موو ئه‌و بڕیارانه‌ی دوای ته‌واوبوونی چوار ساڵی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ ده‌ركراون، به‌ بڕیاری پووچه‌ڵ هه‌ژمار ده‌كرێن.