کاروان حەلاق کۆنسێرتێکی گۆرانی لەگەڵ ئۆرکێسترای ئۆترێخت ساز دەکات

K24 – هەولێر:

هونەرمەندی سترانبێژ کاروان حەمید حەلاق، ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی کۆنسێرتێکی فراوانی گۆرانی لەگەڵ تیپی ئۆرکێسترای ئۆترێخت، کە ماریلا هینتزێن رابەرایەتی ئۆرکێستراکە دەکات و بڕیاریشە رۆژی سێشەممە 6ـی حوزەیران کۆنسێرتەکە ساز بکرێت، کە چەندین گۆرانیەکی فۆلکۆری لەخۆ دەگرێت.

لە بارەی سازدانی ئەو کۆنسێرتە هونەرییەش کە بەبۆنەی رۆژی منداڵانەی جیهانەوە لە ناوەندی نیوگن لە ئۆترێخت ساز دەکرێت بۆ کوردستان24 گوتی: "پڕۆژە هونەرییەکەم، کۆنسێرتێکی فراوان دەبێت و یەکەم کاری منە لەگەڵ ئۆرکێسترای ئەو شاره، کە مایسترۆی ناسراوی هۆڵەندی ماریلا هینتزێن رابەرایەتی ئەو ئۆرکێسترایە جیهانیە دەکات و مێژووێکی پڕشنگداری هەیە لە چوارچێوەی فێستیڤاڵ و کارە هونەرییە رۆژئاواییەکان".

گوتیشی: "منیش بە گۆرانی و زەماوەند و هەڵپەڕکێ ڕەسەن کوردییەکان ڕۆژێکی مێژوویی بۆ نەتەوەکەم تۆمار دەکەم، کە بچووکترین خزمەتە بە هونەرە رەسەنەکەی خۆمان و بە گۆرانی ئەی بێنن بێنن و چاوت جوانە لەیلا و چەند بەرهەمێکی دیکەی گۆرانی هەمووان دێنمە جۆش و خڕۆش".

کاروان حەمید حەلاق، هونەرمەندی سترانبێژ، نزیکەی پانزە ساڵە لە وڵاتی هۆڵەندا سەرقاڵی بەرهەمە فۆلکۆرییە کوردییەکانە، چەندین کۆنسێرتی لەسەر شەقام و ناوەندە هونەرییەکانی ئەو وڵاتە بە جل و بەرگی رەسەنی کوردییەوە ساز کردووە.

z
z