هۆنک کۆنگ رێگری لە یادکردنەوەیەک دەکات کە دەیان ساڵە هەیە

گۆڕەپانی تیان ئان مین
گۆڕەپانی تیان ئان مین

K24 - هەولێر

دەیان هەزار کەس کۆدەبنەوە بۆ یادکردنەوەی ناڕەزایەتییەکانی گۆڕەپانی "تیان ئان مین"، ئاسایشی هۆنک کۆنگیش رێگری دەکات لەوەی خەڵک بەشداری لە یادی 34 ساڵەی سەرکوتکردنی بزووتنەوەکەدا بکەن.

زیاتر لە سی ساڵە، دەیان هەزار کەس لە پارکی ڤیکتۆریا لە هۆنگ کۆنگ کۆدەبنەوە بۆ بەشداریکردن لە چالاکی مۆمدان بە یادی زیاتر لە هەزار خۆپیشاندەری ئاشتیخواز کە لە 4ی حوزەیرانی 1989، لە گۆڕەپانی تیان ئان مین، تەقەیان لێکرا، لەوکاتەدا رژێمی شیوعی چین سەرباز و تانکی نارد بۆ سەرکوتکردنی ئەو کەسانەی کە بە شێوەیەکی ئاشتیانە خۆپیشاندانیان دەکرد بۆ دیموکراسی.

لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا، پارکەکە میوانداری "کەرنەڤاڵێک" دەکات کە لەلایەن گروپەکانی لایەنگری پەکینەوە رێکدەخرێت، دەیان پۆلیس لەم ناوچەیە جێگیرکراون، ئەمەش رۆژێک دوای دەستگیرکردنی چوار کەس بەتۆمەتی "ئاژاوەگێڕی و ڕەفتاری نائاسایی"ەوە.

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردەوە، کە هونەرمەند سانمو چێنی دروشمی "چواری حوزەیران لەبیر مەکە" دەگوتەوە، ئەمە پێش ئەوەی بخریتە ناو پاسێکی پۆلیس.

قسەکردن لەسەر بزووتنەوەی تیان ئان مین، هەستیارییەکی زۆری هەیە بەرامبەر بە سەرکردایەتی کۆمۆنیستەکان لە چین و یادکردنەوەی قەدەغەیە.

دەیان ساڵە هۆنگ کۆنگ تاکە شاری چین بووە کە ئەو یادەی دەکردەوە. بەڵام لەوەتەی چین لە ساڵی 2020 یاسای ئاسایشی نەتەوەیی سەپاندووە، دەسەڵاتدارانی هۆنگ کۆنگ کۆتاییان بەو گردبوونەوانە هێناوە و هونەرمەندەکان لە دەرەوەی شاری چین نمایش بۆ ئەو یادە دەکەن.