قه‌دیرۆڤ: سێ هه‌زار چه‌كداری دیكه‌ ئاماده‌ن له‌ ریزی سوپای رووسیا دژی ئۆكرانیا شه‌ڕبكه‌ن

K24 – هەولێر:

سه‌رۆكی چیچان رایده‌گه‌یه‌نێت، سێ هه‌زار چه‌كداری دیكه‌ ئاماده‌ن له‌ ریزی سوپای رووسیا دژی ئۆكرانیا شه‌ڕبكه‌ن.

ره‌مه‌زان قه‌دیرۆڤ سه‌رۆكی چیچان ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌ 28ـی نۆڤێمبه‌ری 2023) رایگه‌یاند، له‌ چوارچێوه‌ی یه‌كه‌یه‌كی سه‌ربازی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیا و هێزی پاسه‌وانی نیشتمانی ئه‌و وڵاته‌، سێ هه‌زار چه‌كداری چیچانی ئاماده‌ن بچنه‌ ئۆكرانیا و له‌ ریزی سوپای رووسیا دژی كیێڤ شه‌ڕ بكه‌ن.

قه‌دیرۆڤ روونیكرده‌وه‌، چه‌كدارانی چیچان باشترین و نوێترین چه‌ك و تفاقیان پێیه‌، ئاستی شه‌ڕكردنییان به‌رزه‌.

پێشتریش قه‌دیرۆڤ سه‌رۆكی چیچان رایگه‌یاندبوو، ئه‌وان كۆمارێكن له‌ چوارچێوه‌ی رووسیای فیدراڵ.

له‌ سه‌ره‌تای جه‌نگی ئۆكرانیاوه‌، چیچان 26 هه‌زار چه‌كداری ره‌وانه‌ی ئۆكرانیا كردووه‌، كه‌ له‌نێویاندا 12 هه‌زاریان خۆبه‌خشن.

له‌ 24ـی شوباتی 2022، به‌ فه‌رمانی ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی رووسیا هێرشكرایه‌سه‌ر خاكی ئۆكرانیا و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ سه‌ربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی بوون، تا ئێستاش ئه‌و جه‌نگه‌ به‌رده‌وامه‌.