قه‌دیرۆڤ داوای به‌كارهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی ده‌كات

K24- هه‌ولێر:
سه‌رۆكی چیچان داوا له سه‌رۆكی رووسیا ده‌كات، چه‌كی ناووكی له دژی ئۆكرانیا به‌كاربهێنێت.
ره‌مه‌زان قه‌دیرۆڤ سه‌رۆكی چیچان، له چه‌نه‌ڵی تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تێلیگرام رایگه‌یاند، به‌هۆی پاشه‌كشه‌ی سوپای رووسیا له مه‌یدانه‌كانی شه‌ڕ، داوا له ڤلادیمێر پوتن سه‌رۆكی رووسیا ده‌كه‌م، چه‌كی ئه‌تۆمی له دژی ئۆكرانیا به‌كاربهێنێت.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر، وه‌زاره‌تی به‌رگری ئۆكرانیا بڵاویكردووه‌ته‌وه، هێزه‌كانیان شارۆچكه‌ی (لیمان)ـی سه‌ر به‌ناوچه‌ی دۆنستێكیان كۆنترۆڵكرده‌وه، كه به هه‌زاران سه‌ربازی رووسی له‌وێ ده‌وره‌دراون.
رووسیا شارۆچكه‌ی (لیمان)ـی وه‌ك ناوه‌ندێكی گواستنه‌وه‌ی چه‌ك و پێداویستییه سه‌ربازییه‌كان به‌كارده‌هێنا، كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه له‌لایه‌ن ئۆكرانییه‌كانه‌وه، ده‌ستكه‌وتێكی گرنگی مه‌یدانییه بۆ كیێڤ.
هه‌روه‌ها سوپای رووسیا له میانه‌ی راگه‌یه‌ندراوێكدا كشانه‌وه‌یان له شارۆچكه‌ی (لیمان)ـی راگه‌یاند، دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن سوپای ئۆكرانیا ده‌وره‌درابوون.
له 24ی شوباتی رابردوودا، شه‌ڕی رووسیا و ئۆكرانیا ده‌ستیپێكرد و به هۆی ئه‌و شه‌ڕه‌وه ئه‌مه‌ریكا و یه‌كێتی ئه‌وروپا ژماره‌یه‌ك سزای دارایی، ئابووری و سیاسی‌یان به‌سه‌ر رووسیادا سه‌پاند.