فشاری ناڕەزایەتییەکان شکستییان بە چەواشەکردنی راستییەکان لەلایەن میدیاکانی ئێرانەوە هێنا

میدیا ئێرانییەکان لە بڵاوکردنەوەی وێنە دەستکاریکراوەکانی پێشڕەو دزەیی پەشیمان دەبنەوە - گرافیک: کوردستان24
میدیا ئێرانییەکان لە بڵاوکردنەوەی وێنە دەستکاریکراوەکانی پێشڕەو دزەیی پەشیمان دەبنەوە - گرافیک: کوردستان24

K24 – هەولێر:

لەژێر کاریگەری ناڕەزایەتییەکان و فشارە جەماوەریی و فەرمییەکانی دژ بە هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر، بەشێک لە میدیا فەرمییەکانی ئەو وڵاتە پەنایان بۆ ساختەهەواڵ و وێنەی دەستکاریکراو برد، بەڵام هەرزوو پەشیمان بوونەوە و خۆیان راستییەکانیان ئاشکرا کرد.

پرێس تیڤی کە یەکێکە میدیا فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بە زمانی ئینگلیزی پەخشی هەواڵ و بەرنامەکانی دەکات، دوای ئەوەی لە کەناڵ و ماڵپەڕەکەیدا چەند وێنەیەکی شەهید پێشڕەو دزەیی بڵاوکردەوە کە گوایە پەیوەندی لەگەڵ مۆسادی ئیسرائیلی هەبووە، لە بەرامبەردا، کوردستان24 بە بەڵگە راستی وێنە دەستکاریکراوەکانی پشتڕاستکردەوە و دوای کەمتر لە رۆژێک، پرێس تیڤی وێنەکانی لە ماڵپەڕەکەی لادا.

پرێس تیڤی لە هەمان ئەو راپۆرتەهەواڵەی بڵاویکردووەتەوە، وێنەکانی سڕیوەتەوە و بە تێبینی نووسیویەتی، ئەوان لە سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە وێنەکانیان بەدەست گەیشتووە و راستی وێنەکانیان پشتڕاست نەکردووەتەوە پێش ئەوەی بڵاویبکەنەوە، بۆیە ئەو وێنانەی لە ناوەڕۆکی ئەو هەواڵەدا بەکارهێنابوو، لاداوە.

یەکێکی دیکە لەو دەزگایانەی وێنە دەستکاریکراوەکانی بڵاوکردبووەوە، ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران بوو، کە وەک بەڵگەی بوونی پەیوەندی لەگەڵ مۆسادی ئیسرائیل، وێنە دەستکاریکراوەکانی شەهید پێشڕەو دزەیی بڵاوکردەوە، ئەویش رۆژی (22ـی کانوونی دووەمی 2024) بڵاویکردەوە، ئەو سەرچاوەی یەکەمی بڵاوکردنەوەی وێنەکان نەبووە و لە دەزگا هەواڵییەکانی سەداوسیمای میدیای فەرمی ئێرانی وەریگرتووە و ئەوان لای خۆیانەوە پشتڕاستیان نەکردووەتەوە.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێرانی، ئاماژەی بە روونکردنەوەکەی پرێس تیڤی کردووە کە دوای ئەوەی وێنە دەستکاریکراوەکانی لاداوە و هەرچەندە بە ناڕاستەوخۆ دان بە هەڵەی خۆیان دادەنێن بەڵام دوور لە بنەماکانی ئیتیک و کاری رۆژنامەوانی، هەڵەکە لە ئەستۆناگرێت و خەتاکە دەخاتە ئەستۆی میدیاکانی دیکەی ئێران.

هاوکات لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) لەژێر پۆستێکی ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێرانی، ئاگاداری خوێنەر و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی کردووەتەوە، کە ئەو وێنەیە دەستکاریکراوە و راستەقینە نییە، وەک ئاماژەیەکی دیکەی پشتڕاستکردنەوە کە وێنەکەی شەهید پێشڕەو دزەیی لەگەڵ حاخامێکی جوو، بە فۆتۆشۆپ دەستکاریکراوە و گۆڕانکاری بە ئەنقسەت لە وێنەکەدا کراوە.

روونکردنەوەی ئەو دەزگا میدیا ئێرانییە لەسەر ناڕاستی بەڵگەکان و دەستکاریکردنی وێنەکان، ئەوە دەردەخات کە دەزگا ئەمنییەکانی ئێران بۆ پەردەپۆشکردنی هێرشە مووشەکییە بێ پاساوەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، لە هەوڵی ئەوەدابوون بۆ چەواشەکردنی رای گشتی و دروستکردنی بیانوویەک بۆ هێرشەکە پەنا بۆ شێواندنی راستییەکان ببەن و وێنەی راستەقینەی رووداوەکە لە بەئامانجگرتنی ماڵی هاووڵاتییەکی سیڤیل و شەهیدکردنی منداڵی شیرەخۆرە، بۆ دۆسیەیەکی ئەمنی سیاسیی هەواڵگری بگۆڕن.

دوای ئەوەی میدیا ئێرانییەکان وێنەی حاخامێکی جوویان بڵاوکردەوە کە لە بنەڕەتدا ئەو حاخامە خەڵکی رووسیایە و بەناوبانگە بە دژایەتیکردنی ئیسرائیل کە بە فۆتۆشۆپ دەستکاریکراوە و وێنەی پێشڕەو دزەیی لەگەڵیدا دانراوە گوایە پێکەوە لە بۆنەیەکدا وێنەیان گرتووە، بەڵام لە وێنە راستەقینەکە دەردەکەوێت ئەوە کەسێکی دیکەیە وێنەی لەگەڵ ئەو حاخامە جووەدا گرتووە بەڵام بە فۆتۆشۆپ وێنەکە دەستکاریکراوە و وێنەی شەهید پێشڕەو دزەیی لە شوێنی ئەو کەسە دانراوە.

وێنەی دووەمی میدیا ئێرانییەکان کە بەشێوەیەکی تەکنیکی زۆر لاواز دروستکراوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووەتە جێی گاڵتەجاری کە گوایە شەهید پێشڕەو لەگەڵ کەسایەتییەکی ئیسرائیلی لەگەڵ ژمارەیەک پێشمەرگەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەرکەوتوون، کەچی لە وێنە راستەقینەکەدا بە روون و ئاشکرایی دیارە پێشڕەو دزەیی تێیدا نییە و وێنەکە دروستکراوە و ئەوەی کەمێک سەرنجی بدات دەردەکەوێت کە لەلایەن کەسێکی ناشارەزا لە بەرنامەی فۆتۆشۆپیش ئەنجامدراوە.

درەنگانی شەوی دووشەممە (15ـی کانوونی دووەمی 2024) بە مووشەکی بالیستی هێرش کرایە سەر هەولێر و هاووڵاتییانی سڤیلی کردە ئامانج، لە ئەنجامدا چوار هاووڵاتی شەهید بوون و شەش کەسی دیکەش برینداربوون کە یەکێک لە شەهیدەکان منداڵێکی ساوای شیرەخۆرەیە.

دواتر سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیاریەتی هێرشەکە لە ئەستۆ گرت و پاساوەی ئەو تاوانەشی بۆ بە ئامانجگرتنی بارەگای مۆسادی ئیسرائیلی گەڕاندەوە، کە هەر زوو ئەم تۆمەتەش لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رەتکرایەوە و دوای سەردانیکردنی شوێنی هێرشەکە و برینداران، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، کە سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوەی حکومەتی عێراقە لە هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێر، بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج ماڵی هاووڵاتییەکی مەدەنییە و بوونی بنکەی سیخوڕی ئیسرائیلی نەبووە".

کاردانەوەکانی ئەم هێرشە لەسەر ئاستی نێوخۆی هەرێمی کوردستان لەلایەن سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و چین و توێژە جیاوازەکانەوە ئیدانە کرا و هێرشەکەی ئێران بە تاوانێکی بێ پاساو و بێ بنەما وەسفکرا، تەنانەت لەسەر ئاستی جەماوەری داوای بایکۆتکردنی کڕینی کاڵای ئێرانی و پچڕاندنی پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتە کرا.