سەدا 10ـی هاووڵاتییانی ئەوروپا بڕوایان بە سەرکەوتنی ئۆکرانیا بەسەر رووسیادا هەیە 

ژمارەیەک سەربازی ئۆکرانی
ژمارەیەک سەربازی ئۆکرانی

K24 - هەولێر

سەرەڕای پشتیوانییەکانی سیاسەتمەدار و دەسەڵاتدارانی یەکێتیی ئەوروپا بۆ ئۆکرانیا، هاووڵاتییانی یەکێتییەکە متمانەیان بە کیێڤ نەماوە بتوانێت لە جەنگی دژی رووسیا سەربکەوێت.

ئەمڕۆ شەممە، 24-02-2024، دوو ساڵ بەسەر جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا تێدەپەڕێت و جەنگەکە پێی ناوەتە ساڵی سێیەمییەوە. خەریکە متمانەی هاووڵاتییانی یەکێتیی ئەوروپا بەو وڵاتە و سەرکەوتنی لە جەنگی دژی رووسیا کەمدەکات.

بەگوێرەی راپرسییەکی ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا کە لە کانوونی دووەمی ئەمساڵ بە بەشداریی زیاتر  لە 17 هەزار کەس لە 12 وڵاتی ئەندام لە یەکێتییەکە ئەنجامدرا. تەنیا لە سەدا 9.6ـی بەشداربووانی راپرسییەکە لەو بڕوایەدان ئۆکرانیا دەتوانێت لەو جەنگەدا سەربکەوێت، زۆرینەی ئەو بەشداربووانەی لەو بڕوایەدان ئۆکرانیا سەردەکەوێت هاووڵاتییانی پۆڵەندا و سوید و پورتوگالن.

لە بەرانبەردا لە سەدا 19.5ـی بەشداربووانی راپرسییەکە لەو بڕوایەدان رووسیا لەو جەنگەدا سەردەکەوێت، زۆرینەی ئەو بەشداربووانەی لەو بڕوایەدان رووسیا سەردەکەوێت هاووڵاتییانی هەنگاریا و یۆنان و ئیسپانیان.

هەروەها لە سەدا 37.2 لەو باوەڕەدان جەنگەکە بە دانووستان و رێککەوتنی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ کۆتایی دێت.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، لە سەدا 41ـی هاووڵاتییانی یەکێتیی ئەوروپا داوا لە یەکێتییەکە دەکەن پشتیوانییەکان بۆ ئۆکرانیا بەردەوامبن.

بەگوێرەی راپرسییەکەی یەکێتیی ئەوروپا، لە سەدا 31ـی بەشداربووان لەو بڕوایەدان پێویستە یەکێتییەکە پشتیوانی لە ئۆکرانیا بکات تا ئەو ناوچانە کۆنتڕۆڵ بکاتەوە کە لە ساڵی 2022ـەوە لەلایەن رووسیاوە کۆنتڕۆڵ کراون، کە زۆرینەی بەشداربووەکان هاووڵاتی سوید و پورتوگال و پۆڵەندان.

لە سەدا 41.1ـی بەشداربووانی راپرسییەکە لەو بڕوایەدان پێویستە یەکێتیی ئەوروپا کیێڤ هانبدات تا لەگەڵ مۆسکۆ بگاتە رێککەوتنێکی ئاشتییانە، زۆرینەی بەشداربووەکانیش هاووڵاتی هەنگاریا، یۆنان و ئیتاڵیان.

هەروەها لە سەدا 29ـیان لەو بڕوایەدان یەکێتیی ئەوروپا لە جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا رۆڵێکی ئەرێنی بینیوە، بەڵام لە سەدا 37ـی بەشداربووان دەڵێن رۆڵی یەکێتییەکە لەو جەنگەدا نەرێنی بووە.

زیانە گیانییەکانی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی بەرگریی رووسیا؛ لە ماوەی نێوان 24ـی شوباتی 2022 بۆ 31 کانوونی دووەمی 2024، 383 هەزار سەربازی ئۆکراینی کوژراون و برینداربوونە.

بەگوێرەی ئامارەکانی ئۆکرانیاش؛ لە ماوەی نێوان 24ـی شوباتی 2022 بۆ 16ـی کانوونی دووەمی 2024، زیاتر لە 150 هەزار سەربازی رووسیا کوژراون و نزیکەی 222 هەزار سەربازیش برینداربوونە.

لەلایەن خۆیەوە گرووپی چەکداری ڤاگنەر ئاشکرایکردووە، لە سەرەتای جەنگەوە تا ناوەڕاستی ئایاری 2023، نزیکەی 20 هەزار چەکدارییان کوژراون و 40 هەزاری دیکەش برینداربوونە.

هەروەها تا سەرەتای 2023 بەلایەنی کەم 640 شەڕکەر و خۆبەخشی بیانی کوژراون کە یەکێکیان هاووڵاتی عێراق بووە و زۆرینەیان هاووڵاتی ئەمەریکا و جۆرجیا بوونە و زیاتر لە هەزاری دیکەش برینداربوونە.

جگە لە سەربازەکان خەڵكی سڤیلیش بوونەتە قوربانی. بەگوێرەی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە سەرەتای جەنگ تا 31 کانوونی دووەمی ئەمساڵ لە ئۆکرانیا 10 هەزار و 378 کەسی سڤیل کوژراون و 19 هەزار و 632 کەسی دیکەش برینداربوونە.

لە رووسیا 145 کەسی سڤیل کوژراون و هەروەها 191 کەسی سڤیلی بیانی لەو جەنگەدا کوژراون. هەروەها بەلایەنی کەم 15 رۆژنامەنووش لەو جەنگەدا کوژراون کە زۆرینەیان هەڵگری ناسنامەی رووسی و ئۆکرانی بوونە.