رۆژنامەی پۆلیتیکۆ: هاوپەیمانەکانی واشنتن سزا نوێیەکان لە دژی روسیا بە زیادەڕۆیی دەزانن

K24 - هەولێر

رۆژنامەی پۆلیتیکۆ، بڵاوی کردەوە بەشێک لە هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا، ئەو سزا لاوەکیانەی کە بە بیانووی پەیوەندی لەگەڵ رووسیا سەپێنراون، بە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لە لایەن واشنتنەوە دەزانن.

رۆژنامەی پۆلیتیکۆی ئەمەریکی بڵاویکردەوە ئەمە پەیوەندی بەو رێکارانە هەیە کە رێگە بە ئەمەریکا دەدات سزای کۆمپانیا بیانییەکان بدات بەهۆی مامەڵەکردنیان لەگەڵ کۆمپانیا رووسیەکان.

رۆژنامەکە ئاماژەی بە نموونەیەک لە فەرمانەکەی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا کردووە، کە بەپێی بڕیارەکەی بایدن بانکە بیانییەکان ئەگەر مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیا پیشەسازییەکانی سەربازی رووسیادا بکەن، رەنگە دەستڕاگەیشتن بە سیستەمی مامەڵە داراییەکانی ئەمەریکا لەدەست بدەن.

رۆژنامەکە نووسیویەتی، هەندێک لە هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا سزای لاوەکی وەک زیادەڕەوییەک لەلایەن واشنتنەوە سەیر دەکەن، چونکە لەوانەیە لایەنی سێیەم بکەنە ئامانج کە کەوتوونەتە ژێر سزاکانەوە.

هەینی رابردوو وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا سزای بەسەر 26 قەوارەی 11 وڵاتی جیاوازدا سەپاند، لەوانە چین، سربیا و ئیمارات.

هەروەها هەندێک لە هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا سزای لاوەکی بە "زیادەڕۆیی لە دەسەڵاتی واشنتن" دەزانن، چونکە لەوانەیە زیان بە لایەنی سێیەم بگەیەنن کە سزاکانیان لەسەر نییە.