10 لایەنی کریستیانی پشتیوانی لە بڕیارەکەی پارتی دەکەن بۆ بەشدارینەکردن لە هه‌ڵبژاردن

نوێنەرانی لایەنە کریستیانییەکان - وێنە: ئەرشیف
نوێنەرانی لایەنە کریستیانییەکان - وێنە: ئەرشیف

K24 – هەولێر:

نوێنه‌رانى كریستیانه‌كان له‌ كلدان، ئاشوورى، سریان و ئه‌رمه‌ن له‌ هاوپه‌یمانى حامورابى، هاوپه‌یمانى یه‌كێتى نه‌ته‌وه‌یی و ده‌سته‌ى باڵاى سیاسى كلدانى راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوەکردووە: به‌ چاوى رێزه‌وه‌ له‌ به‌یاننامه‌کەى مەکتەبی سیاسیی پارتى دیموكراتى كوردستان ده‌ڕوانین و پشتگیری له‌ بڕیارى بەشدارینەکردن لە هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ین كه‌ له‌ ژێر واقعێكى ناده‌ستوورى و نایاسایى و سیستمێكى نادادپه‌روه‌رانه‌ى سه‌پێنراو ئه‌گه‌رى به‌ڕێوه‌چوونى هه‌یه‌.

رۆژی دووشەممە (18ـی ئاداری 2024) لایەنە کریستیانەکان راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: بڕیارى كریستیانه‌كان و توركمان و دواتر بڕیارى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى پارتی دیموكراتى كوردستان وه‌ك یه‌كه‌مین و گه‌وره‌ترین هێزى جه‌ماوه‌رى و سیاسی كوردستان هه‌نگاوێكى چاره‌نووسسازه‌ لەپێناو پاراستنى قه‌واره‌ى ده‌ستوورى هه‌رێمى كوردستان و پاراستنى بنه‌ماكانى دیموكراسى و ده‌ستوور و جیاكردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كان و سرووشتى فیدراڵى عێراقه‌.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئێمه‌ لێره‌دا سوپاسى رێزدار جه‌نابى سه‌رۆك كاك مه‌سعود بارزانى ده‌كه‌ین، كه‌ جارێكى دیكه‌ ئه‌وه‌یان سه‌لماند كه‌ جه‌نابیان له‌ گشت قۆناغه‌ ئه‌سته‌م و چاره‌نووسسازه‌كان یه‌كه‌مین و به‌هێزترین داكۆكیكه‌رى راسته‌قینه‌ن له‌ به‌هاكانى دیموكراسى و پێكه‌وه‌ژیان و قه‌واره‌ى فیدراڵى و ده‌ستوورى كوردستان و عێراق".

هەروەها نوێنه‌رانى كریستیانه‌كان له‌ كلدان، ئاشوورى، سریان و ئه‌رمه‌ن جه‌خت لەسه‌ر به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنێكى دادپه‌روه‌رانه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای رێزگرتن له‌ دامه‌زراوه‌ یاسایی و ده‌ستووری و دادوه‌رییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و لەژێر یاسایەكى كوردستانى و به‌ رێكخستنى كۆمیسیۆنێكى بێلایه‌نى كوردستانى به‌بێ ده‌ستوه‌ردانى ده‌ره‌كى، كه‌ هه‌ڵبژاردنێكى كوردستانى بێت و بۆ گشت كوردستانییه‌كان بێت، "نه‌ك بە یاسایەكى سه‌پێندراوى هاورده‌كراوی ده‌ره‌كى بێت".

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، لایەنە کریستیانەکان باسیان لەوەشکردووە:‌ "پشتگیری له‌ به‌یاننامه‌ى پارتى و پشتگیری له‌ گشت هه‌نگاوه‌كان لەپێناو پاراستنى دیموكراسى و بێلایه‌نى دامه‌زراوه‌كانى یاسایی و پاراستنى ده‌ستوورى عێراقى فیدراڵ ده‌كه‌ین، و دژ به‌ هه‌ر بڕیارێك ده‌وه‌ستینه‌وه‌ كه‌ ده‌بێته‌ ئه‌گه‌رى تێكدانى سیستمى فیدراڵى و دیموكراتى عێراق، لەبه‌رئه‌وه‌ى ئه‌مه‌ى ئه‌مڕۆ وه‌ك واقیع و ده‌ستوور به‌رقه‌راره‌ به‌رهه‌مى خوێنى پیرۆزى سه‌دان هه‌زار شه‌هیدى سه‌ربه‌رزى ئه‌م نیشتمانه‌یه".

لایەنەکان

حزبی ئه‌نجوومه‌نى نه‌ته‌وه‌یی كلدان

حزبی بزووتنه‌وه‌ی گردبوونه‌وه‌ی سریان

لێژنه‌ى ئیدارى تائیفه‌ى ئه‌رمه‌ن

ره‌وتی شلاما بۆ كاروباری كریستیانه‌كان "كلدان، سریان، ئاشووری و ئه‌رمه‌ن"

حزبی یه‌كێتی دیموكراتی كلدان

هاوبه‌ندی جیهانی كلدان

كۆمه‌ڵه‌ی ئه‌رمه‌ن

هاوپه‌یمانى حامورابى - عێراق

هاوپه‌یمانى یه‌كێتى نه‌ته‌وه‌یی - هه‌رێمى كوردستان

ده‌سته‌ى باڵاى سیاسى كلدانى