بڕیارەکەی پارتی کارادانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێ کەوتووەتەوە

لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان
لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 - هەولێر

ڕۆژنامه‌ی شەرقولئەوسەت لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێت، بڕیاری پارتی لەبارەی بەشدارینەکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هاوپەیمانان و نەیارانی ئەو پارتە لە بەغدا و لە ناوچەکە ناچار دەکات، ناڕەزایەتییەکانی پارتی بەرانبەر بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبەرچاو بگرن.

"پارتی کارتەکانی کوردستان و عێراقی شێواندووە".. ئەمە سەردێڕی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "شەرقولئەوسەت"ـە کە بە زمانی فارسی بڵاو کراوەتەوە و تێیدا بڕیاری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تاوتوێ کراوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، بە سەرنجدان بەو قورسایی و هێزەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەر دوو ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەیەتی، ئەم بڕیارە کارتی لایەنەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا دەشێوێنێ و هاوپەیمانان و دژبەرانی پارتی لە بەغدا و ناوچەکە ناچار دەکات، ناڕەزایەتییەکانی ئەم پارتە بەرانبەر بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بە هەند وەربگرن.

لە ڕاپۆرتەکەی شەرقولئەوسەتدا چەندین بڕگە لە ڕاگەیاندنەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی شیکاریی بۆ کراوە و بە تایبەتیش ئاوڕ لە بڕگەیەکی ڕاگەیاندنەکە دراوە کە باس لە هەڵوەشاندنەوەی کورسییەکانی پێکهاتەکان لە لایەن دادگای فیدراڵییەوە دەکات و دەڵێت: بە هۆی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییەوە پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان ناتوانن کورسیی تایبەتیان هەبێت.

لە ڕاپۆرتەکەدا بە جەختکردن لەوەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بە مەبەستی لاوازکردنی پێگەی دامودەزگا دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانە لەسەر زاری بەرپرسێکی باڵای پارتییەوە ڕایگەیاندووە، پارتی هیوادارە ئەم هەڵوێستەی ببێتە هۆی کۆتایی هاتنی دۆخی نایاساییی ئەم دادگایە و ڕێگریی لە گەڕانەوەی عێراق بۆ سیستەمێکی ناوەندی.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، بڕیارەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی لایەنە کوردستانییە بە کۆدەنگی بڕیار لەسەر دواخستنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بدەن.