ئەحمەد کایا: تەنها سەرۆک بارزانی دەتوانێت رۆڵ لە زیندووکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا ببینێت

K24 - هەولێر

سەرۆکی پارتی ئینسان و ئازادی ڕایدەگەیەنێت، سەرۆک بارزانی بۆ گەلی کورد کەسایەتییەکی زۆر گرنگە و تەنها ئەو دەتوانێت ڕۆڵ لە زیندووکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی لەنێوان تورکیا و پەکەکە ببینێت.

ئەحمەد کایا، سەرۆکی پارتی ئینسان و ئازادی لەکاتی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 ڕایگەیاند، تەنها سەرۆک بارزانی دەتوانێت رۆڵ ببینێت لە زیندووکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی لە نێوان حکومەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).

سەرۆکی پارتی ئینسان و ئازادی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "سەرۆک بارزانی بۆ گەلی کورد کەسایەتییەکی زۆر گرنگە. کاتێک قسەیەک دەکات، تەنانەت حزب و لایەنە سیاسییەکانی دیکەش قسەکانی بە هەند وەردەگرن. بۆیە دەتوانێت لە ڕێگەی پەیوندییە سیاسییەکانییەوە ڕۆڵ ببینێت لە زیندووکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی ".

ئەمە لە کاتێکدایە زیاتر لە هەشت ساڵ بەسەر تێکچوونی پڕۆسەی ئاشتی لە نێوان حکوومەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) تێدەپەڕێت. پڕۆسەکە لە ساڵی 2015 و دوای ڕوودانی ژمارەیەک گرژی و ئاڵۆزی ئەمنیی لە باکووری کوردستان تێکچوو.

بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، لە دوای تێکچوونی پرۆسەی ئاشتی لەنێوان تورکیا و پەکەکە تا ئێستا؛ 614 مەدەنی، 1428 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان، چوار هەزار و 409 گەریلای پەکەکە و 226 کەسی دیکە کە تا ئێستا ناسنامەکانیان ئاشکرا نەبووە، گیانیان لەدەستداوە.

جەمیل بایک لە 9ی شوبات بەهۆی بوومەلەرزی تورکیا و باکووری کوردستانەوە چالاکییە سەربازییەکانی پەکەکەی ڕاگرت. لە 1ی ئاداردا داوای دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی کرد و داوای لە ئەمریکا کرد کە ڕۆڵ لە نێوان ئەوان و تورکیادا بگێڕێت، بەڵام هەوڵەکەی بێ ئەنجام بوو.

سوپای تورکیا لە (27ـی مانگی ئایاری 2019)ـەوە تا ئێستا چه‌ندین ئۆپەراسیۆنی وشکانی و ئاسمانیی لە سنووری هەرێمی کوردستان لە دژی پەکەکە ئه‌نجامداوه‌ کە کۆتاهەمینیان ئۆپراسیۆنی چڕنوک قوفڵە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بریتین لە: چڕنووک-1 (27.05.2019)، چڕنووک-2 (12.07.2019)، چڕنووک-3 (23.08.2019)، چڕنووک-پڵنگ (16.06.2020)، چڕنووک-برووسک 23.04.2021)، چڕنووک-تریشقە (23.04.2021)، چڕنووک-قوفڵ (17.04.2022).