سوودانی له‌‌ ئه‌مه‌ریكا كۆمه‌ڵێك دۆسییه‌ی گرنگ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته‌ تاووتوێ ده‌كات

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

K24 – هەولێر:

تەنیا هەفتەیەک ماوە بۆ سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمەریکا، یەکێک لەو پرسانەش لەگەڵ خۆی دەیباتە واشنتن، پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانە لەڕێگەی بۆری نەوتی عێراق-تورکیا.

ئەم پرسەش بووەتە تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکان و ئاسۆیەک بۆ چارەکردنی هەیە.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش دوای بەشداربوونی لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، جەختی لە گرنگیی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کردەوە. 

پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بووەتە بابەتی سەرەکیی کۆبوونەوەکان و سەرۆکوەزیرانی عێراقیش ئەم پرسە دەباتە کۆشکی سپی.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە ئامادەیی خۆی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت دەربڕیوە، یەکێک لە ئەجێنداکانی سەردانەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانیش بۆ واشنتن، پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت بوو، جەخت لەوە کرایەوە بەزووترین کات هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆری نەوتی عێراق- تورکیا دەست پێبکاتەوە، چونکە زیانێکی زۆر بە ئابووریی هەرێمی کوردستان، عێراق و کۆمپانیاکانی بواری نەوتیش گەیاندووە.

دوای سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ واشنتن، لە 28ی ئادار، هەشت کۆنگرێسمانی ئەمه‌ریکی لە نامەیەکدا بۆ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا نووسیویانە، دەبێت پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق- تورکیا بکرێتە پێشمەرجی هەر سەردانێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا.

سوودانیش نایشارێتەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی فشارێکی زۆری لەسەرە سەبارەت بە پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، هەربۆیەش ئێستا هێواش هێواش هەوڵی چارەکردنیان دەدرێت.

لە 25ی ئاداری 2023وە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا ڕاگیراوە، ڕاگیرانی 450 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەش بەدەر لەوەی کاریگەریی لەسەر هاوسەنگیی وزەی جیهان هەیە، زیانی زیاتر لە 11 ملیار دۆلاری بە ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیاندووە و هەزاران کەسیش کارەکانیان لەدەست داوە.

کەمتر لە هەفتەیەکی ماوە بۆ سەردانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کۆشکی سپی، شیعەکان سەبارەت بەم سەردانە دابه‌ش بوون،  لە بەهای سەردانەکە کەم دەکەنەوە و بە پرۆتۆکۆلی ناوی دەبەن. لە بەرامبەردا بەشێک لە چوارچێوەی هەماهەنگی پشتیوانیی سەردانەکەی سوودانی بۆ ئەمه‌ریکا دەکەن و دەیانەوێت هەرچۆنێک بێت سەردانەکە دەستکەوتی باشی هەبێت بۆ عێراق بەتایبەتی لەبواری ئابووریدا.

هەرێمی کوردستان نوێنەری لە چوارچێوه‌ی شانده‌ عێراقیه‌كه‌ بۆ واشنتن دەبێت، یەکێک لە تەوەرەکانی سەردانەکەش دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمە بۆ دەرەوە.

لەو بارەیەوە سەعد مەتڵەبی، سەرکردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاندووە، سەردانەکەی سوودانی بۆ ئەمه‌ریکا تەڵەیە، چونکە هیچ کارتێکی گووشاری لەبەردەست نییە، سەردانەکەشی جگە لە پرۆتۆکۆلی هیچی دیکە نابێت.

لەلایەکی دیکەوە مەحموود مەرعی سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی ڕەشبینی خۆی لە دەرئەنجامی سەردانەکەی سوودانی بۆ کۆشکی سپی نەشاردەوە و ئاماژەی بەوەدا: لە ڕێککەوتنی ستراتیجیدا، ئەمه‌ریکا تەنیا ئەو خاڵانە جێ بەجێ دەکات کە لەبەرژەوەندی خۆی دایه‌، هاوکاریکردنی کەرتی بانکی عێراقیش تەنیا پڕوپاگەندەی میدیایە.