بەرپرسانی هەرێم و بەغدا کێشەکانی هونەر و سینەما لە عێراق تاوتوێ دەکەن

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە دهۆک بە سپۆنسەری میدیایی کوردستان24 بەردەوامە

K24- دهۆک:

لە چوارەم رۆژی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە دهۆک، پانێڵێک لەبارەی گرنگی هەماهەنگی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لە بواری هونەری سینەما بەڕێوەچوو و تیایدا نوێنەرانی هەردوولا گرفتەکانیان خستەڕوو.

یەکێک لە قسەکەرانی پانێڵەکە، موهەنەد حەیال، بەڕێوەبەری بەشی سینەما لە بەغدا، گووتی، هەماهەنگی نێوان حکوومەتی بەغدا و هەولێر، لە رووی هونەرییەوە، لەسەر ئاستی دامەزراوەکان ناکرێت، بەڵکو لەسەر ئاستی پەیوەندی کەسی دەکرێت و ئەمەش وەک پێویست بەرهەمدار نابێت.

راشیگەیاند، ئەوان وەکو سینەمای عێراقی، لە ئێستادا زیاتر پشتگیری لە دەرهێنەر و سینەماکارانی سەربەخۆ دەکەن.

بەگوێرەی قسەکانی، ئەمساڵ پرۆژەی 120 فیلم پێشکەش کراون لە تەواوی عێراق، 95٪ی فیلمەکان سەربەخۆ بوون.

ئەوەشی نەشاردەوە، کە لە هەرێمی کوردستان، گەنجی زۆر ئاست بەرزی تێدایە کە دەکرێت هاوکاریی بکرێن و بەرهەمی نێودەوڵەتیان هەبێت.

یەکێکی دیکە لە قسەکەرانی پانێڵەکە، بابەکر دڕەیی، بەڕێوەبەری رۆشنبیری سلێمانی گووتی: "بەداخەوە لای کاربەدەستانی هەردوو حکوومەت، فیلمسازیی نەبووەتە خەون، کە نەشبێتە خەون، نابێته‌ پلان و پرۆگرام".

دووپاتیشکردەوە، پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا، تاکو ئێستا لە سیاسەت و بودجە تێنەپەڕیووە، کەلتوور فەرامۆش کراوە".

گووتیشی، لەسەر پێوەرێکی تەندروست و ئەکادیمی پارە بۆ فیلم و زنجیرە دراماکان دابینناکرێت.

هەروەها، ئەیوب رەمەزان، بەڕێوبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری دهۆک، ئاماژەی بەوەدا، یەکێک لە کێشەکانی فیلم و هونەر لە عێراق دانانی سانسۆرە چونکە سانسۆر بزووتنەوەی کەلتووری وڵات دەکوژێت.

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە دهۆک بە هاوبەشیی میدیایی کوردستان24 بەردەوامە و بڕیارە ئەمڕۆ و رۆژانی داهاتوو، دەیان فیلم لە هەردوو هۆڵی فێستیڤاڵەکانی زانکۆی دهۆک و دهۆک سینماکس نمایش بکرێن.

H.J