چی رووده‌دات ئه‌گه‌ر سعوودییه‌ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت رابگرێت

نرخی نه‌وت ده‌گاته‌ چه‌ند

K24 – هه‌ولێر:

بانکی گۆڵدمان ساكس رایگەیاند، ئەگەر بەرهەمهێنانی نەوتی سعوودیە لە 6 مانگ زیاتر پەکی بکەوێت، ئەوا نرخی بەرمیلێك نەوت بۆ سەرووی 75 دۆلار بەرزدەبێتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە تاوەکو ئێستادا سعوودیە ئاستی کاریگەری هێرشەکانی بۆ سەر ئارامکۆ دیاری نەکردووە.

ئەو بانکە ئەمه‌ریکییە روونیكرده‌وه‌، ئەگەر بەرهەمهێنانی نەوتی سعوودیە بۆ ئەو ماوە درێژەی پەکی کەوت تەنیا زیان بە نرخی نەوت ناگەیەنێت، بەڵکۆ کاریگەری دەکاتە سەر نەوتی کۆگاکراوی ستراتیژی و بە بڕی زۆر کەمی دەکاتەوە. ئەوەش وا دەکات نرخەکان بە بەرزی بمێننەوە. 

هەر لەو بارەیەوە، سەرچاوەیەک بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، بەرهەمهێنانی نەوتی سعوودیە بۆ ئاستی پێشووی پێویستی بە چەندین مانگە، ئەوەش بەهۆی هێرشەکان کە بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتەکەی زیاتر لە نیوە دابەزاندووە.

ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممە نرخی نەوتی برێنت گەورەترین رێژەی بەرزبوونەوەی رۆژانەی دوای جەنگی کەنداوی 1991 تۆمارکرد، کە هۆکارەکەی هێرشەکان بوو بۆ سەر دامەزراوەی نەوتی ئارامکۆ، بەوەش 5% لە نەوتی خستنەڕووی بازاری کەم کردەوە.