ھۆشداری لە سەرھەڵدانی جەنگی دراو دەدرێت

ئەمریكا ھەوڵی كەمكردنەوەی بەھای دراوە جیھانییەكان دەدات
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/5a48a187-09fc-4bbf-9418-7b98a4448c3a/060719MGQ.ism/manifest

K24 - ھەولێر

لەگەڵ دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەك سەرۆكی ئەمەریكا، مەترسی دروستبوونی جەنگی دراو لە نێو وڵاتانی جیھاندا دروست بوو، ترەمپ تادێ  باجی گومرگی و سزای ئابووری بەسەر چین و چەند وڵاتێك دیكە زیاد دەكات، بە ئامانجی ئەوەی پێگەی ئابوورییەكەی و دۆلاری ئەمەریكی بپارێزێت، بەڵام بەگوێرەی شارەزایان، ئەگەر بێت و ئەم سزایانە بەردەوام بێت ئەوا جەنگی راستەقینەی دراو سەر ھەڵدەدات، لە ئەنجامدا كارەساتێكی گەورەی ئابووری بەرۆكی جیھان دەگرێت.

دوو ھەفتە لەمەوبەر وەزارەتی بازرگانی ئەمەریكا رایگەیاند، خوێندنەوە بۆ چەند لیستێكی نوێ دەكات كە تایبەتن بە سەپاندنی باجی گومرگی لەسەر ئەو وڵاتانەی بەھای دراوەكانیان بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریكی كەمدەكەنەوە و پاڵپشتی ھەناردەكانیان دەكەن، جەنگی دراویش كاتێك سەرھەڵدەدات كە وڵاتێك بەرێژەیەكی یەكجار زۆر دەست بە كڕینی دراوی وڵاتێكی دیكە دەكات، وەكو دۆلار، بەو ئامانجەی كە دراوی نیشتمانی خۆیان بە تێكڕایەكی زۆر كەم بپارێزن و توانای ركابەریكردنی ھەناردەكانیان زیادبكەن و لە ئەنجامیشدا وڵاتان دەكەونە ركابەری كردنی یەكدی.

شارەزایان ھۆشداریدەدەن، سەرھەڵدانی جەنگی دراو، تەنھا كارەساتی لێدەكەوێتەوە و سیستمی بازرگانی نێودەوڵەتی بە یەكجاری تێكدەدات، بەتایبەتی كە جیھان بەگشتی لە ماوەی ساڵی رابردوودا رووبەڕووی ئەو جۆرە جەنگە بووەوە و كاریگەرییەكی نەرێنی زۆری كردە سەر ئابووری ھەموو وڵاتان، ھەر ئەو ھۆكارەشە وایكردووە كە سەركردەكانی جیھان لە جی20 كۆببنەوە بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی ئەو جۆرە جەنگانە لە نێو وڵاتاندا.

بەگوێرەی شارەزایانی ئابووری، ئەو ھەنگاوە نوێییەی كە ئەمەریكا دەینێت بە سەپاندنی باجی نوێ و ھەروەھا كەمكردنەوەی بەھای دراوەكانی دیكە بەرامبەر بە دۆلار، تەنیا لە بەرژەوەندی ئابوورییەكەیەتی و ئەگەر بێت و ئەمەریكا جێبەجێی بكات، ئەوە ئابووری جیھان بەگشتی رووبەڕووی كێشە دەبێتەوە، بەتایبەتی ئابووری چین،وە  ئەگەر بێت و ئابوورییەكی چین دابكەوێت، ئەوە ئەمەریكا گەورەترین زیانمەند دەبێت، چونكە چین بە گەورەترین كڕیاری قەواڵەی ئەمەریكا ھەژمار دەكرێت.

ھاوكات لە ئەگەری زۆربوونی بەكارھێنانی میكانیزمی كەمكردنەوەی دراوە نێوخۆییەكان و سەرھەڵدانی جەنگی دراو، ئەوە ئەو وڵاتانەی كە خاوەنی دراوی وڵاتێكی كێشە لەسەرن، دەستبەجێ دەستبەرداری دەبەن و دیگۆڕنەوە بە زێڕ و لە ئەنجامدا نرخی زێڕ لە بازاڕەكاندا بەرزدەبێتەوە، لێرەشدا پرسیاری ئەوە دروست دەبێت، لە كاتێكدا كە پێشبینی نەرێنی زۆر لەسەر ئابووری وڵاتاندا ھەیە، ئایە ئابووری جیھان توانای بەرگە گرتنی كارەستایی زیاتری دەبێت، تا ئەو كاتەش دیارنییە ئەنجامی سیاسەتەكانی ترەمپ لەسەر ئەمەریكا و وڵاتانی جیھان دەگاتە چ قۆناخێك؟.

ھ.م